پوتین: رووسه‌كان شوێنیان به‌هه‌شته‌

هەواڵ / جیهان :: 19/10/2018‌ :: 6190‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
سه‌رۆكى روسیا رایده‌گه‌یه‌نێت: روسه‌كان "شوێنیان به‌هه‌شت ده‌بێت" ئه‌گه‌ر شه‌ڕى ئه‌تۆم رووبدات و ببێته‌ هۆى گیان له‌ده‌ستدانیان و ده‌شڵێت: ده‌ستپێشخه‌ر نابن.


ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكى روسیا له‌ وته‌یه‌كیدا له‌ به‌رده‌م كۆنگره‌یه‌كدا كه‌ له‌ شارى سوچى له‌ باشورى رۆژئاواى وڵاته‌كه‌ى به‌ڕێوه‌چوو رایگه‌یاند: "ده‌ستدرێژیكه‌ر پێویسته‌ له‌وه‌ تێبگات كه‌ سزاكه‌ى وه‌رده‌گرێت و رووبه‌ڕووى وێران بوون ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك قوربانیانى هه‌ر ئه‌گه‌رى ده‌ستدرێژییه‌ك شوێنمان به‌هه‌شته‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى شه‌هیدین، به‌ڵام ئه‌وان (ده‌ستدرێژیكاران) زۆر به‌ئاسانى ژێرخاك ده‌نرێن و كاتیان له‌به‌رده‌م نابێت بۆ تۆبه‌كردن".

پوتین ئه‌وه‌شى وت: مۆسكۆ له‌ ئه‌گه‌رى هه‌ڵایسانى جه‌نگى ئه‌تۆم "نابێته‌ ده‌ستپێشخه‌ر بۆ كاره‌ساتێكى له‌و جۆره‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى باوه‌ڕمان به‌ ده‌سته‌واژه‌ى لێدانى خۆپارێزى نییه‌".

دوپاتیشیكرده‌وه‌: "له‌ بارودۆخێكى له‌و جۆره‌دا چاوه‌ڕى ده‌كه‌ین رووبه‌ڕووى لێدانێكى ئه‌تۆمى ببینه‌وه‌، نابینه‌ ده‌ستپێشخه‌ر له‌ به‌كارهێنانى ئه‌و جۆره‌ چه‌كه‌".

لێدوانه‌كه‌ى سه‌رۆكى روسیا له‌كاتێكدایه‌ هه‌ریه‌ك له‌ روسیا و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا به‌رده‌وان له‌ په‌ره‌پێدانى توانا ئه‌تۆمییه‌كانیان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure