لێكۆڵه‌ره‌ توركه‌كان به‌ چه‌ند كیسه‌یه‌كى پڕه‌وه‌ له‌ ماڵى كونسڵى سعودیه‌ چوونه‌ده‌ره‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 18/10/2018‌ :: 314‌ جار بینراوە

دواڕۆژ 
شه‌وى چوارشه‌ممه‌، تیمێكى لێكۆڵینه‌وه‌ى توركیا كه‌ به‌دواى چاره‌نووسى جه‌مال خاشقچى رۆژنامه‌نووسى سعودیه‌دا ده‌گه‌ڕێن، ماڵه‌كه‌ى محه‌مه‌د عتێبى-ى كونسڵى سعودیه‌یان له‌ شارى ئه‌ستانبوڵ پشكنى كه‌ ته‌نیا 300 مه‌تر له‌ بیناى كونسڵخانه‌كه‌وه‌ دووره‌.


به‌گوێره‌ى ئه‌و هه‌واڵانه‌ى له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، تیمه‌ توركیه‌كه‌ ماوه‌ى 9 كاتژمێر له‌ خانووه‌كه‌ى محه‌مه‌د عتێبى-دا ماونه‌ته‌وه‌ و پرۆسه‌یه‌كى وردى پشكنینیان ئه‌نجامداوه‌ كه‌ هه‌موو ژووره‌كان و به‌شه‌كان و حه‌وشه‌ و باخچه‌ى ماڵه‌كه‌ و مه‌له‌وانگه‌ و سه‌ربان و گه‌راجى ئۆتۆمبێله‌كان و بیرێكى كۆنى ئاویشیان پشكنیوه‌ كه‌ له‌ حه‌وشه‌ى ماڵه‌كه‌دا بووه‌ و پڕكراوه‌ته‌وه‌، نموونه‌ى هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌یان هه‌ڵگرتووه‌ته‌وه‌ و دواتر به‌ چه‌ندین سندوق و كیسه‌ى پڕه‌وه‌ چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كى نووسینگه‌ى داواكارى گشتیى توركیاش ده‌ڵێت: "ئه‌و سامپڵانه‌ى كه‌ له‌ ماڵى كونسڵدا دۆزراونه‌ته‌وه‌ هاوتا و هاوجۆرى ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ كونسڵخانه‌دا هه‌بووه‌".

هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ده‌ڵێن: "جاریكى تر تیمه‌كانى لێكۆڵینه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ پشكنینه‌وه‌ى بیناى كونسڵخانه‌كه‌ى سعودیه‌ و ته‌نانه‌ت سه‌گى پۆلیسى و پێشكه‌وتووترین ئامێرى دۆزینه‌وه‌ و پشكنینیان به‌كارهێناوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى هه‌ر ئاسه‌وارێكى رووداوى دیارنه‌مانى رۆژنامه‌نووسه‌ سعودیه‌كه‌".

جه‌مال خاشقچى (60 ساڵ) نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسى سعودى، له‌ رۆژى 2ى تشرینى یه‌كه‌مه‌وه‌ له‌ناو كونسڵخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ شارى ئه‌ستانبوڵى توركیا ون بووه‌ و له‌وكاته‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌رمترین هه‌واڵه‌كانى رۆژ.

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure