دیارنه‌مانی خاشقچی كاریگه‌ری له‌سەر گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا دژ به‌ئێران دەبێت

هەواڵ / جیهان :: 18/10/2018‌ :: 343‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاره‌زوو محه‌مه‌د
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه‌: به‌رپرسانی كۆشكی سپی نیگه‌رانن کە دۆسیەی دیارنه‌مانی خاشقچی کاریگەری له‌سه‌ر گه‌مارۆكانی ئه‌و وڵاته‌ دژ به‌ ئێران ببێت.


ئاماژەی بەوەداوە: کە به‌رپرسانی ئه‌مریكی ده‌ڵێن، بابه‌تی ناڕوونی دیارنه‌مانی جەمال خاشقچی، رۆژنامه‌نووسی سعودی له‌ كاتێكدا روویدا كه‌ بڕیاربوو قۆناغی دووه‌می گه‌مارۆكانی ئێران زۆر به‌ قورسی بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ببێته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا.

باس لەوەشکراوە: بۆ ئه‌وەی كه‌ پلان و ستراتیژییه‌کانی ئەمریکا ئه‌نجام ببێت، كۆشكی سپی ده‌بێت نێوانی له‌گه‌ڵ سعودیە نه‌شێوێنێت و رێ به‌ دروستبوونی ناكۆكی نێوانیان نه‌دات.

به‌گوێره‌ی ئه‌و راپۆرته‌، بڕیاره‌ جێبه‌جێكردنی قۆناغی دووه‌می گه‌مارۆكان له‌كاتێکدا رووبدات كه‌ كۆنگرێسی ئەمریکا له‌سه‌ر بابه‌تی دیارنه‌مانی جه‌مال خاشقچی، رۆژنامه‌نووسی سعودی به‌نیازی سزادانی سعودیەیه‌.

ئەوەشخراوەتەڕوو: کە له‌ دوای دیارنه‌مانی خاشقچی ناكۆكی و گرژی لە په‌یوه‌ندییه‌كانی سێ وڵاتی توركیا، ئه‌مریكا و سعودیە په‌ره‌یسه‌ندووه‌ و له‌م نێوەنده‌دا كۆشكی سپی نيگه‌رانی كاریگه‌ری ئه‌و بابه‌ته‌یە له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ پلانه‌كانی دژ به‌ ئێران.

نیویۆرك تایمز نووسیویشیه‌تی: "له‌كاتێكدا هه‌موو جیهان چاویان له‌ ئه‌نجامی دانیشتنه‌كانی نێوان مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و محه‌مه‌د سه‌لمان، جێنشینی سعودیە بڕیوه‌، بەڵام دوێنێ تره‌مپ به‌شێكی دیكه‌ی له‌ گه‌مارۆكانی دژ به‌ ئێران راگه‌یاند".

شاره‌زایانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ نیویۆرك تایمزیان راگه‌یاندووه‌: ئامانجی تره‌مپ و سعودیە ئاشكرایه‌، سعودیه‌ له‌ دۆسیەی خاشقچی رزگارببێت و تره‌مپیش سه‌رله‌نوێ چاوبخاته‌وه‌ سه‌ر ئێران.

له‌كۆتایی ئه‌و راپۆرته‌دا هاتووه‌: "سزادانی سعودیە ده‌بێته‌ هۆی ئەوەی کە نرخی نەوت بەرزبێتەوە و ئەمەش دەبێتەهۆی لاوازبوونی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا دژ به‌ ئێران، چونکە لەکاتی سزادانی ئێراندا سعودیە نەیدەهێشت نرخی نەوت بەرزبێتەوە، بەڵام کە سعودیەش سزابدرێت ئەوا پلانەکەی ئەمریکا بۆ سزادانی ئێران کۆسپی دەکەوێتە بەردەم".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure