گاردیان: بنەماڵەی فەرمانڕەوا لەسعودیه‌ پێویستی به‌گۆڕینه‌

هەواڵ / جیهان :: 18/10/2018‌ :: 218‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
رۆنامه‌ی گاردیانی بریتانی له‌ وتارێکدا نووسیوێتی: ئه‌گه‌ر ده‌ربكه‌وێت دیارنه‌مانی جه‌مال خاشقچی رۆژنامه‌نووس په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمانی جێنشینی سعودیه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وا ده‌بێت خێزانی شاهانه‌ گۆڕانكاریی له‌ پۆسته‌كاندا بكه‌ن.


وتاره‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ی ئێستا رووده‌دات قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی سعودیه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خۆرئاوادا كه‌ له‌ 11ی ئه‌یلول و هێرشه‌كانی سه‌ر دوو باڵه‌خانه‌كه‌ی نیویۆڕكه‌وه‌ بێ وێنه‌یه‌.

هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی ریاز به‌نیازه‌ بڵێت خاشقچی له‌میانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌دا به‌هه‌ڵه‌ كوژراوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ربكه‌وێت كه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان هانده‌ر بووه‌ بۆ رفاندن یاخود كوشتنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌، ئه‌وا بن سه‌لمانیش ده‌چێته‌ ریزی سته‌مكارانی وه‌ك سه‌دام حسێن و موعه‌مه‌ر قه‌زافییه‌وه‌ كه‌ باڵیۆزخانه‌كانیان بۆ تۆقاندنی ره‌وه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌كارده‌هێنا.

خاشقچی كه‌ به‌پێی وته‌ی توركه‌كان به‌ مشار پارچه‌ پارچه‌ كراوه‌ و به‌ مارسیدسێكی ره‌ش براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی كونسڵخانه‌كه‌ وایكردووه‌ كه‌ كۆنفرانسه‌ ساڵانه‌كه‌ی سعودیه‌ چۆڵ ببێت و وه‌به‌رهێنه‌ران له‌ بۆرسه‌ی سعودیه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و كاربه‌ده‌سته‌ دیاره‌كانی ئه‌مریكا و بریتانیا بیر له‌ سه‌پاندنی سزا بكه‌نه‌وه، به‌ڵام سعودیه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا رایگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ر سزای به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت ئه‌وا ئه‌و یه‌ده‌كی نه‌وته‌ زه‌به‌لاحه‌ی هه‌یه‌تی ده‌یدات به‌ چه‌كی رووسی.

وتاره‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ خراپی باری ته‌ندروستیی شا سه‌لمان وایكردووه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان رۆڵی راسته‌قینه‌ له‌ حوكمڕانیدا بگێڕێت و دواجار هه‌ر خۆیشی ببێته‌ شای سعودیه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت كه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان ده‌ستی له‌م رووداوه‌دا هه‌یه،‌ ئه‌وا پێویسته‌ شا سه‌لمان له‌ كوڕه‌كانی دیكه‌ی یاخود له‌ خێزانی شاهانه‌دا كه‌سێكی تر بۆ جێگرتنه‌وه‌ی ده‌ستنیشان بكات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure