تره‌مپ به‌رژه‌وه‌ندى دارایی له‌گه‌ڵ سعودییه‌دا هه‌یه‌

هەواڵ / جیهان :: 16/10/2018‌ :: 179‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ بوونى دۆسیه‌ى جه‌مال خاشقچى، په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانى نێوان سه‌رۆكى ئه‌مریكا و ده‌سه‌ڵاتدارانى سعودییه‌ ده‌بنه‌ جێى باس و هه‌ندێك باس له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى تره‌مپ له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا ده‌كه‌ن.


فیلیپ به‌مپ، نوسه‌ر له‌ رۆژنامه‌ى واشنتن پۆست نوسیویه‌تى: رێكخراوه‌كه‌ى تره‌مپ وه‌ك سندوقێكى ره‌شى گه‌وره‌ وایه‌ كه‌ ئاشكرانییه‌ چى له‌ ناودایه‌ و زۆرێك له‌ پێكهاته‌كه‌ى به‌ نهێنى هێڵراوه‌ته‌وه‌.

له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا و دواى دیارنه‌مانى جه‌مال خاشقچى، رۆژنامه‌نوس و نوسه‌رى سعودى یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ى كه‌ درووست بوو له‌باره‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ داراییه‌كانى نێوان تره‌مپ و سعودییه‌یه‌.

پێشتر تره‌مپ له‌ لێدوانێكیدا وتبووى: "من زۆر له‌گه‌ڵ سعودییه‌دا ڕێكده‌كه‌وم" و وتیشى: "ئه‌وان ئه‌پارتمانم لێده‌كڕن به‌ نرخى 40 ملیۆن دۆلار و 50 ملیۆن دۆلار، چۆن ده‌توانم رقم لێیان بێت؟ من زۆرم خۆشده‌وێن".

له‌ ساڵانى نه‌وه‌ده‌كاندا تره‌مپ یه‌ختێكى به‌نرخى 20 ملیۆن دۆلار فرۆشت به‌ شازاده‌ وه‌لید بن ته‌لال، دواى چه‌ند ساڵێكى دیكه‌ پشكێكى له‌ هۆتێل پلازا فرۆشت به‌ هه‌مان شازاده‌، له‌ ساڵى 2001دا تره‌مپ نهۆمێكى له‌ تاوه‌رى تره‌مپ له‌ نزیك باره‌گاى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نیویۆرك فرۆشت به‌ حكومه‌تى سعودى به‌ به‌هاى 4.5 ملیۆن دۆلار.

پاشتریش حكومه‌تى سعودى 270 هه‌زار دۆلارى له‌ هۆتێلى نێوده‌وڵه‌تى تره‌مپ له‌ واشنتن خه‌رجكردووه‌.

له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا هۆتێلى نێوده‌وڵه‌تى تره‌مپ توانى قه‌ره‌بووى ئه‌و زیانانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ى دوو ساڵدا هه‌یبوو به‌ ته‌نها مانه‌وه‌ى پێنج رۆژى چه‌ند شازاده‌ و جێنشینى پاشاى سعودییه‌ له‌ مانگى ئازاردا.

ئه‌و نوسه‌ره‌ ئاماژه‌شیداوه‌: هێشتا دیارنییه‌ كه‌ ئایا تره‌مپ ده‌توانێت زیره‌كانه‌ نكۆڵى له‌ بوونى په‌یوه‌ندى بازرگانى له‌گه‌ڵ سعودییه‌دا بكات یاخوود نا، به‌ڵام گه‌ر پێیوابێت كه‌ ده‌توانێت بڕوا به‌ ئه‌مریكییه‌كان و راى گشتى بهێنێت به‌وه‌ى كه‌ هیچ پاره‌یه‌ك له‌ سعودییه‌وه‌ نایه‌ته‌ ناو سندوقه‌ ره‌شه‌كه‌ى (ڕێكخراوى تره‌مپ)وه‌ له‌وێشه‌وه‌ بۆ هه‌ژماره‌ بانكییه‌ تایبه‌ته‌كه‌ى ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌.

و: په‌یام



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure