پاسپۆرتى تۆمه‌تبارانى دۆسیه‌ى دیارنه‌مانى خاشقچى بڵاوده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 16/10/2018‌ :: 1348‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رۆژنامه‌ى واشنتن پۆست وێنه‌ى پاسپۆرتى چه‌ند كه‌سێكى سعودیى بڵاوكرده‌وه‌ و بڵاویكرده‌وه‌ گومانده‌كرێت ده‌ستیان هه‌بوبێت له‌ دیارنه‌مانى جه‌مال خاشقچى.


رۆژنامه‌كه‌ ئاشكرایكرد كه‌ وێنه‌ى پاسپۆرته‌كانى له‌لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێكى توركیاوه‌ ، كه‌ نه‌یانویستووه‌ ناویان ئاشكرابكرێت، پێگه‌یشتووه‌.

دواى چه‌ند رۆژێك له‌ دیارنه‌مانى جه‌مال خاشقچى، رۆژنامه‌نوس و نوسه‌رى سعودى لێكۆڵه‌ره‌وانى تورك ئاشكرایانكرد كه‌ چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كیان كۆكردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌ریده‌خات خاشقچى له‌ناو كونسوڵخانه‌كه‌دا كوژراوه‌ و جه‌سته‌ى له‌توپه‌ت كراوه‌.

به‌رپرسانى تورك ده‌ڵێن كه‌ تیمێكى 15 كه‌سى له‌لایه‌ن سعودییه‌وه‌ بۆ ئه‌م كاره‌ نێردراون و ئه‌ندامانى ئه‌م تیمه‌ له‌ هه‌مان رۆژدا سه‌ردانى ئه‌سته‌نبولیان كردووه‌ و دواتر له‌ شاره‌كه‌ ده‌رچوون.

له‌ پاسپۆرتى ئه‌و كه‌سه‌ سعودییانه‌ كه‌ بۆ واشنتۆن پۆست نێردراوه‌ ئاشكرانییه‌ كه‌ به‌رپرسانى تورك له‌به‌رچى پاسپۆرتى ته‌واوى 15 كه‌سه‌كه‌یان نه‌ناردووه‌!

له‌ دوو رۆژى رابردوودا سعودییه‌ رێگه‌یدا به‌ پۆلیسى توركیا كه‌ كونسوڵخانه‌كه‌ بپشكنێت و به‌ وته‌ى دوو به‌رپرسى تورك زۆر دواخراون بۆ چوونه‌ ناو كونسوڵخانه‌كه‌ و ده‌شڵێن كه‌ خزمه‌تگوزار هێنراون بۆ پاككردنه‌وه‌ى چه‌ند به‌شێكى كونسوڵخانه‌كه‌ و دووباره‌ بۆیاخ كردنه‌وه‌ى كه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ جێى گومان و گه‌ر شتێك شایه‌نى شاردنه‌وه‌ نه‌بووایه‌ له‌م كاته‌دا ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام نه‌ده‌درا.

هه‌ر ئه‌مڕۆ میدیا جیهانییه‌كان بڵاویانكرده‌وه‌ زانیارییه‌كان گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و راستیه‌ى له‌پاش چوونه‌ ناوه‌وه‌ى بۆ ناو كونسوڵخانه‌كه‌ خاشقچى بێهۆش كراوه‌ و دواتر كوژراوه‌ و پاشان له‌لایه‌ن پزیشكێكى تایبه‌ته‌وه‌ پارچه‌ پارچه‌ كراوه‌.

ئاشكراشیانكردووه‌: ئه‌و پزیشكه‌ى ئه‌و كاره‌ى ئه‌نجامداوه‌ ناوى (سه‌لاح تبیقى)یه‌ كه به‌ڕێوه‌به‌رى پزیشكى دادوه‌رییه‌ له‌ ئاسایشى گشتى سعودییه‌ و پێشتر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رووى له‌ كونسوڵخانه‌كه‌ كردووه‌.

هاوكات سایتى ئه‌لجزیره‌ له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ نوسینگه‌ى داواكارى گشتى توركیا رایگه‌یاند: پشكنینى یه‌كه‌م له‌نێو كونسوڵخانه‌ى سعودیه‌ به‌ڵگه‌یه‌كى روونى ده‌رخستووه‌ له‌سه‌ر كوشتنى رۆژنامه‌نوسه‌كه‌، سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵه‌كان بۆ شاردنه‌وه‌ى.

وتیشى: "به‌ڵگه‌كه‌ پشتیوانى ئه‌گه‌رى كوشتنه‌كه‌ ده‌كات".

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا تۆڕى (سى ئێن ئێن)ى ئه‌مریكى ئاشكرایكرد: سعودییه‌ له‌ ئاماده‌كاریدایه‌ بۆ داننان به‌ كوشتنى خاشقچى به‌هه‌ڵه‌وه‌ له‌میانه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا.

جه‌مال خاشقچى، رۆژنامه‌نوس و نوسه‌رى سعودى له‌ 2ى ئه‌م مانگه‌دا سه‌ردانى كونسوڵخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ ئه‌سته‌نبوڵ كرد و له‌وكاته‌وه‌ تائێستا چاره‌نوسى نادیاره‌.

له‌كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا خێزانى جه‌مال خاشقچى، رۆژنامه‌نوس و نوسه‌رى سعودى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داواى پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆیان كرد بۆ ئاشكراكردنى راستییه‌كان له‌باره‌ى ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ى له‌سه‌ر مردنى خاشقچی ده‌كرێن.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هاتنه‌ ده‌نگى خێزانه‌كه‌ى خاشقچییه‌ له‌ دواى دیارنه‌مانییه‌وه‌ و له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ى واشنتۆن پۆسته‌وه‌ كه‌ پێشتر ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ كارى بۆ ده‌كرد بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure