جڤاتی گشتی گۆڕان داوادەكات ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی ناوخۆیی بكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 16/10/2018‌ :: 594‌ جار بینراوە

تاگ :: گۆڕان

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
جڤاتی گشتی گۆڕان داوای لە جڤاتی نیشتمانی كردووە ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكەیان بكەن.


كوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەمڕۆ جڤاتەكەمان بۆ تاوتوێی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول و هەڵبژاردنی ناوخۆیی گۆڕان كۆبووەوە، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان راسپاردە بۆ جڤاتی نیشتمانی ئەوە بوو چاوەڕێی ئەنجامەكان بن و دواتر بڕیار بدرێت بەشداری لە پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێم بكرێت یان نا، بڕیاری كۆتاییش لای جڤاتی نیشتمانییە.

وتیشی: "بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانیش، جڤاتی نیشتمانی راسپێردراوە كە ئامادەسازی بكات بۆ پێكهێنانی لیژنە بۆ بەدواداچوونی هەڵبژاردن".

سەبارەت بەوەی داوا هەیە بۆ گۆڕانكاری لە رێكخەری گشتی تا ئاستی خوارەوەی ئۆرگانەكان، كوێستان محەمەد وتی: "لەكاتی هەموو مەسەلەیەكدا بەرپرسیارێتی لەسەر گشتییە و بەرپرسیارێتی ناكەوێتە سەر كەسێك یان دوو كەس، هەڵبژاردنی ناوخۆیی گۆڕانیش پەیوەندی بە كەمبوونەوەی كورسییەكانمانەوە نییە، بەڵكو كاتی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانە و تەنانەت بەهۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستانەوە هەڵبژاردنی ناوخۆیی دواكەوتبوو".
 
جڤاتی گشتی گۆڕان جڤاتێكی راوێژكارییە و راسپاردە بۆ جڤاتی نیشتمانی بەرزدەكاتەوە، سەرۆكی جڤاتی گشتیش ئەندامی خانەی راپەڕاندنە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure