زانیارى نوێ له‌باره‌ى دۆسیه‌ى خاشقچى بڵاوده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 16/10/2018‌ :: 3246‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
له‌دواى پشكنینه‌كانى تایبه‌ت به‌ دۆسیه‌ى جه‌مال خاشقچى كه‌ له‌ كونسوڵخانه‌ى سعودیه‌ له‌ ئه‌سته‌نبوڵ ئه‌نجامدرا، میدیاكان زانیارى نوێ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.


به‌پێى میدیا جیهانییه‌كان زانیارییه‌كان گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و راستیه‌ى له‌پاش چوونه‌ ناوه‌وه‌ى بۆ ناو كونسوڵخانه‌كه‌ خاشقچى بێهۆش كراوه‌ و دواتر كوژراوه‌ و پاشان له‌لایه‌ن پزیشكێكى تایبه‌ته‌وه‌ پارچه‌ پارچه‌ كراوه‌.

ئاشكراشیانكردووه‌: ئه‌و پزیشكه‌ى ئه‌و كاره‌ى ئه‌نجامداوه‌ ناوى (سه‌لاح تبیقى)یه‌ كه به‌ڕێوه‌به‌رى پزیشكى دادوه‌رییه‌ له‌ ئاسایشى گشتى سعودییه‌ و پێشتر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رووى له‌ كونسوڵخانه‌كه‌ كردووه‌.

هاوكات سایتى ئه‌لجزیره‌ له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ نوسینگه‌ى داواكارى گشتى توركیا رایگه‌یاند: پشكنینى یه‌كه‌م له‌نێو كونسوڵخانه‌ى سعودیه‌ به‌ڵگه‌یه‌كى روونى ده‌رخستووه‌ له‌سه‌ر كوشتنى رۆژنامه‌نوسه‌كه‌، سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵه‌كان بۆ شاردنه‌وه‌ى.

وتیشى: "به‌ڵگه‌كه‌ پشتیوانى ئه‌گه‌رى كوشتنه‌كه‌ ده‌كات".

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا تۆڕى (سى ئێن ئێن)ى ئه‌مریكى ئاشكرایكرد: سعودییه‌ له‌ ئاماده‌كاریدایه‌ بۆ داننان به‌ كوشتنى خاشقچى له‌رێى هه‌ڵه‌وه‌ له‌میانه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا.

جه‌مال خاشقچى، رۆژنامه‌نوس و نوسه‌رى سعودى له‌ 2ى ئه‌م مانگه‌دا سه‌ردانى كونسوڵخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ ئه‌سته‌نبوڵ كرد و له‌وكاته‌وه‌ تائێستا چاره‌نوسى نادیاره‌.

له‌كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا خێزانى جه‌مال خاشقچى، رۆژنامه‌نوس و نوسه‌رى سعودى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داواى پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆیان كرد بۆ ئاشكراكردنى راستییه‌كان له‌باره‌ى ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ى له‌سه‌ر مردنى خاشقچی ده‌كرێن.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هاتنه‌ ده‌نگى خێزانه‌كه‌ى خاشقچییه‌ له‌ دواى دیارنه‌مانییه‌وه‌ و له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ى واشنتۆن پۆسته‌وه‌ كه‌ پێشتر ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ كارى بۆ ده‌كرد بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure