هاوردەکردنی خەیار قەدەغە دەکرێتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 16/10/2018‌ :: 404‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
دوای ئەوەی بڕیاردرا ھاوردەکردنی خەیار ئاسایی بکرێتەوە، ژمارەیەک بازرگانانی سەوزە و میوە لە شاری سلێمانی بڕێکی زۆر خەیاریان لە ئێران کڕی، بەڵام پێش ئەوەی بیهێننەوە بۆ هەرێم، حکومەت بڕیارەکەی ھەڵوەشاندەوە و ھاتنی خەیاری قەدەغەکرد.


عەتا محەمەد، نوێنەری کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی بە دواڕۆژی وت: "دوای ئەوەی بڕیاردرا ھاوردەکردنی خەیار ئاسایی بێتەوە، بازرگانانی عەلوەی سلێمانی خەیارێکی زۆریان لە ئێران کڕی، بەڵام ئێستا بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی دەڵێت نابێت خەیار بێتە ھەرێمەوە".

وتیشی: "بەبڕی زیاتر لە 100 ھەزار دۆلار خەیار لەسەر مەرزەکەیە و رێگەنادرێت بێتە سلێمانی، بۆیە داوادەکەین بڕیارەکە تا 48 کاتژمێر کاری پێنەکرێت و ئەو خەیارانە بێتە ئەمدیو و پاشان بڕیاری قەدەغەکردنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

ئاماژەی بەوەشدا: لەئێستادا نرخی خەیار بۆ نیوەی نرخەکەی دابەزیوە و ھەر کیلۆیەک لە عەلوەی سلێمانی بەیانی ئەمڕۆ لە 600 دینارەوە بۆ 250 دینار دابەزیوە.

عەتا محەمەد ئەوەشی خستەڕوو: بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی پێشتر پێی راگەیاندین  تا کۆتایی ئەم مانگە ھاوردەکردن قەدەغە دەبێت، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ و حکومەت ئەو قەدەغەکردنەیان راگرت بۆیه‌ ھاوردەکردن دەستی پێکردەوە، ئەمەش زیان بە جوتیارانی ناوخۆ دەگەیەنێت لەکاتێکدا بەرھەمی خەیار تائێستا زۆرە و دەتوانێت بەشی ناوخۆ پڕکاتەوە و پێویست بە ھاوردەکردن نەبێت، بۆیه‌ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی لەسنوری پارێزگای سلێمانی بڕیاریداوە نەھێڵێت خەیار بێتە ناو پارێزگاکە.

ساڵانە حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ لەکاتی پێگەشتنی بەرھەمە کشتوکاڵیەکانی ناوخۆ، ھاوردەکردنیان لەدەرەوە قەدەغە دەکات تا بەرھەمی جوتیاران ساغ بێتەوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure