دواین هەنگاوەکانی هەڵبژاردنی کابینەی نوێی حکومەت ئاشکرادەکرێت

هەواڵ / عێراق :: 16/10/2018‌ :: 1315‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، راپۆرتى محه‌مه‌د عه‌لى وه‌لى
سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ نیوه‌ى واده‌ى ده‌ستورى بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى ئاینده‌ى عێراق ته‌واو ده‌بێت و به‌مه‌ش عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو ته‌نیا 15 رۆژى له‌به‌رده‌ستدا ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كابینه‌كه‌ى بباتە په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى متمانه‌.


له‌ دانیشتنى دوێنێى په‌رله‌ماندا محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق ئاشكرایكرد: دانیشتنى داهاتووى په‌رله‌مان تایبه‌ت ده‌بێت به‌ تاوتوێكردنى پێكهێنانى حكومه‌تى ئاینده‌، هه‌رچه‌ندە واده‌ى دانیشتنى داهاتووى په‌رله‌مانى دیاری نه‌كرد، به‌ڵام داواى له‌ په‌رله‌مانتاران كرد له‌و دانیشتنه‌دا ئاماده‌بن.

جه‌مال كۆچه‌ر، په‌رله‌مانتارى یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌وه‌ى تاوتوێى سى ڤى وه‌زیره‌كان و پێكهێنانى كابینه‌كه‌ى ده‌كات، سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراوه‌، نه‌ك په‌رله‌مان، په‌رله‌مان بۆى نییه‌ ده‌ستی تێوه‌ربدات، په‌رله‌مان تەنیا دەسەڵاتی ئەوەی هه‌یه‌ له‌ واده‌ى ده‌ستورى خۆیدا ده‌نگى پێده‌دات و متمانه‌ى بداتێ.

سه‌باره‌ت به‌ ته‌واوبوونى ئاماده‌كارییه‌كانى عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ پێشكه‌شكردنى كابینه‌كه‌ى به‌ په‌رله‌مان تا متمانه‌ى پێبدرێت، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌كگرتوو، رونیكرده‌وه‌: سه‌رۆك وه‌زیران باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئاماده‌كارییه‌كى باشى كردووه‌، به‌ڵام چۆنه‌ و چین، ئه‌وه‌یان تائێستا بۆ ئێمه‌ دیارنییه‌.

سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ پاش هه‌ڵبژاردنى، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌سه‌ر پێشنیارى ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌وره‌ فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان عادل عه‌بدولمه‌هدى راسپارد بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ.

به‌پێى رێوشوێنه‌ ده‌ستورییه‌كانیش عه‌بدولمه‌هدى ماوه‌ى یه‌ك مانگى له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ پێشكه‌شكردنى ناوى وه‌زیرانى كابینه‌كه‌ى به‌ په‌رله‌مان.

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو له‌ ماوه‌ى ده‌ستووریدا هه‌موو ئه‌ندامانى كابینه‌كه‌ى ئاماده‌ى ده‌نگدان و وه‌رگرتنى متمانه‌ى په‌رله‌مان نه‌بن، جه‌مال كۆچه‌ر دەڵێت: "ئه‌وه‌ى كه‌ یاسایى و ده‌ستوورییه‌، ئه‌وه‌یه‌ كابینه‌كه‌ هه‌مووى به‌یه‌كه‌وه‌ بهێنێته‌ په‌رله‌مان، به‌ وه‌زیر و جێگره‌كانییه‌وه‌، دواتر په‌رله‌مان وه‌زیر به‌ وه‌زیر ده‌نگى له‌سه‌ر دەدات".

هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ره‌نگه‌ په‌رله‌مان داواى سى ڤى وه‌زیره‌كان بكات به‌ر له‌ هاتنیان بۆ ئه‌وه‌ى تاوتوێیان بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌خۆى و كابینه‌کەیەوه‌ هاته‌ په‌رله‌مان ئه‌وكاته‌ په‌رله‌مان مافى تاوتوێى نییه‌، ته‌نیا یان ده‌نگ و متمانه‌ى ده‌داتێ یان ره‌تیده‌كاته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى له‌ دانیشتنى ئاینده‌دا ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واو ده‌بێت، كۆچه‌ر وتى: "دیاره‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسى شتێك ده‌زانێت كه‌ ده‌ڵێت دانیشتنى داهاتوو ته‌رخان ده‌كرێت بۆ تاوتوێى پێكهێنانى حكومه‌ت، هه‌روه‌ها پێشبینى ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ین له‌م ماوه‌یه‌دا بێت و كابینه‌كه‌ى پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام به‌و رێگه‌یه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى خۆى دیاریكردووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى وه‌زیره‌كانى كابینه‌كه‌ى، رەنگە قورس بێت خه‌ڵكى ته‌كنۆكرات هه‌ڵبژێرێت و فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كان ده‌نگى پێنەده‌ن".

هاوکات رێبوار هادى په‌رله‌مانتارى پارتى، لەبارەی هەنگاوەکانی دیاریکردنی کابینەی نوێی حکومەت بۆ دواڕۆژى رونکردەوە: یه‌كى مانگى ئاینده‌ واته‌ (1ى تشرین دووه‌م) كۆتا رۆژ ده‌بێت بۆ پێکهێنانی كابینه‌ى حكومه‌ت، ئه‌گه‌ر پێكنه‌یه‌ت ئه‌وا مه‌ترسییه‌، ده‌بێت سه‌رۆك كۆمار كه‌سێكى تر راسپێرێت و له‌ماوه‌ى 15 رۆژدا كابینه‌كه‌ى پێكبهێنێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ سه‌باره‌ت بەوته‌كانى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كه‌ باسى له‌ تاوتوێكردنى پێكهێنانى حكومه‌ت كرد، دەڵێت: "ئه‌گه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌خۆى و كابینه‌كه‌یه‌وه‌ نه‌یه‌ته‌ په‌رله‌مان، ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مان تاوتوێى چى بکەین؟ بۆیه‌ ته‌نیا له‌كاتى ئاماده‌بوونى كابینه‌دا تاوتوێى پرسه‌كه‌ دەكرێت بۆ ئەوەی ده‌نگى پێبدرێت یان ره‌تبكرێته‌وه‌".

له‌باره‌ى ته‌واوكردنى رێوشوێنى پێكهێنانى كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى و هاتنى سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو بۆ دانیشتنى ئاینده‌ى په‌رله‌مان، سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان به‌دوورینه‌زانى ناوبراو له‌ كۆتاییه‌كانى ته‌واوبوونى واده‌ى ده‌ستورى خۆیدا به‌خۆى و كابینه‌كه‌یه‌وه‌ ئاماده‌ى دانیشتنى په‌رله‌مان بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure