ده‌رباره‌ى كوژانه‌وه‌و زیادبوونى كاره‌با رونکردنەوە دەدرێت

هەواڵ / ئابوری :: 16/10/2018‌ :: 3202‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌ڕێوه‌به‌رى كۆنترۆڵى كاره‌باى هه‌رێم ئاشكراى ده‌كات، به‌و گۆڕانكارییانه‌ى كۆمپانیا دانه‌غاز بۆ هه‌نارده‌ى غاز بۆ هه‌ردوو وێستگه‌ى چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ولێر ئه‌نجامى ده‌دات، دوو بۆ سێ رۆژ كاره‌با به‌رهه‌م ناهێنن، به‌ڵام ئه‌وه‌ ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كاره‌با به‌گشتیى بكوژێته‌وه‌، دوای گۆڕانکارییەکانیش كاره‌باى نیشتمانیى بۆ زیاتر له‌ 20 كاتژمێر زیادده‌كات.

ئومێد ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى كۆنتڕۆڵى كاره‌باى هه‌رێم ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ى تشرینى یه‌كه‌م به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "هه‌ردوو وێستگه‌ى كاره‌باى غازى هه‌ولێرو چه‌مچه‌ماڵ بۆ ماوەی دوو بۆ سێ رۆژ به‌ته‌واوه‌تى راده‌وستن و كاره‌با به‌رهه‌م ناهێنن، به‌ڵام ئه‌وه‌ ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كاره‌با به‌گشتیى بكوژێته‌وه‌، به‌ڵكو بڕى كاره‌با كه‌مده‌بێته‌وه‌ نه‌ك كاره‌با نامێنێت".

وتیشى: "كاره‌با ته‌نیا له‌ سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌و راپه‌ڕین و گه‌رمیان كه‌منابێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌ولێرو دهۆكیش كاره‌باى كه‌مده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌وڵى ته‌واوده‌ده‌ین كه‌ پێدانى كاره‌با به‌رێژه‌ی نزیكه‌ى 14 بۆ 15 كاتژمێر كاره‌با له‌ شه‌و و رۆژێك به‌ هاووڵاتیان بدرێت و  دواى ئه‌و سێ رۆژه‌ش، دۆخى كاره‌با ئاسایی ده‌بێته‌وه‌و ده‌چێته‌وە دۆخى پێشووى".

له‌باره‌ى زیادبوونى كاره‌باى حكومیى دواى گۆڕانكارى له‌هه‌ردوو وێستگه‌ى هه‌ولێرو چه‌مچه‌ماڵ، ئومێد ئه‌حمه‌د وتى: "دواى گۆڕانكارییه‌كه‌ به‌ ماوه‌یه‌ك، بڕى 300 مێگاوات كاره‌با زیاد ده‌بێت و رێژه‌ى كاره‌با به‌ تێكڕا ده‌گاته‌ 20 كاتژمێر، چونكه‌ ئه‌و كاره‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ بۆ زستانى ئه‌مساڵ هاووڵاتیان كاره‌باى زیاتریان پێبدرێت و وه‌ك ساڵانى رابردوو نه‌بێت".

دوێنى دووشه‌ممه‌ 15ى تشرینى یه‌كه‌م، وه‌زاره‌تى كاره‌باى هه‌رێم رایگه‌یاند: له‌ رۆژى 19ى تشرینى یه‌كه‌م بۆ ماوه‌ى 48 تا 72 كاتژمێر پێدانى كاره‌با له‌هه‌ردوو وێستگه‌ى هه‌ولێرو چه‌مچه‌ماڵ راده‌گیرێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى كۆمپانیاى دانه‌گاز له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان پڕۆژه‌ى زیادكردكردنى گازى سروشتى جێبه‌جێده‌كات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure