ئه‌و هاووڵاتییه‌ی تانكه‌ری پیسایی بۆ ئاودانی كێڵگه‌یه‌ك به‌کارهێنابوو دەستگیرکرا

هەواڵ / کوردستان :: 16/10/2018‌ :: 635‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
قایمقامی هەولێر رایدەگەیەنێت: دوای بڵاوبونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تیایدا هاووڵاتییەکی شاری هەولێر سود لە تانکەری پاشەڕۆی ماڵان دەبینێت بۆ ئاودانی باخەکەی، بەدواداچونمان کرد و هاووڵاتییەکەمان دەستگیرکرد. 


نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2018 بە دواڕۆژی راگەیاند: ماوەی چەند رۆژێکە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە، چونکە ئەو هاووڵاتییە تانکەری پیسایی و پاشەڕۆی بیری ماڵان بەکاردەهێنێت بۆ ئاودانی باخەکەی کە پێچەوانەی یاسایە.

وتیشی: "دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە شوێنەکە و کەسەکەمان دۆزیەوەو بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکرا و ئەو باخەش تێکدرا، بەڵام باخەکە هی کەرەوز نەبوو، بەڵکو هی روەکی (وێنجە) بوو کە تایبەتە بە لەوەڕی ئاژەڵان، نەک ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە کەرەوز و سەوزەی ترە".

ئەوەشی وت: "بۆ هەر شتێک بێت ئەوە پێجەوانەی یاسایە و سەرچاوەیە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و تێکچوونی ژینگە و پیسکردنی، بۆیە بە بڕیاری دادوەر ئەو کەسە دەستگیرکراوەو رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure