چوار ساڵە کۆریای باشور هاوکاری پزیشکیی پێشکەش بە هەرێم دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 16/10/2018‌ :: 629‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
کونسڵی گشتی کۆریای باشور  لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە هاوکاری پزیشکی و بڕی 300 هەزار دۆلار پێشکەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەرپرسی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانیش دەڵێت: "ئەوە چوارەمین ساڵە وڵاتی كۆریا ئەو هاوكارییە پێشکەش دەکات".

هۆشەنگ محەمەد، بەرپرسی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دواڕۆژی راگەیاند: رۆژی سێشەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2018 كەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەریم لەگەڵ پارك یەنگ-كیو كونسڵی گشتی كۆریای باشور و جێگری باڵیۆزى كۆریا له‌ به‌غدا كۆبووەوە و پرسەکە تایبەت بوو بە ڕەوشی مرۆیی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا رێكکەوتنێکی هاوکاری واژۆکرا.

وتیشی: "رێککەوتنەکە لە چوارچێوەی نامەی به‌خشینى هاوكارییە مرۆییەكان بوو كە پێكهاتبوون لە دەرمان و كەلوپەلی پزیشكی كە لەلایەن حكومەتی كۆریای باشور دابینكرابوو بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ كونسڵگەری وڵاتی كۆریا كاری دابەشكردنی كەلوپەل و دەرمانەكان دەكەن به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى".

هۆشەنگ محەمەد رونیشیکردەوە: هەروەها کۆریای باشور بە بڕی 300 هەزار دۆلار كەلوپەلی پزیشكیی بۆ حکومەتی هەرێم دابیندەکات، ئەوە چوارەمین ساڵە وڵاتی كۆریا ئەو هاوكارییە پزیشكییانە بۆ هەرێم دابین دەكات کە بۆ پشتیوانی كەرتی تەندروستییە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure