له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى واده‌ى سزاكانى ئه‌مریكا نه‌وتى ئێران بێ كڕیار ده‌بێت

هەواڵ / ئابوری :: 16/10/2018‌ :: 224‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
به‌پێى ئاماره‌كانى كه‌رتى گواستنه‌وه‌ى نه‌وت، جگه‌ له‌ چین و هیندستان، توركیا و ئیتالیا دواكڕیارى نه‌وتى ئێرانن، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ئەوەی فرۆشى نه‌وتى ئێران كاریگه‌ره‌ به‌ قۆناغى دووه‌مى سزاكانى ئه‌مریكا كه‌ بڕیاره‌ كه‌رتى نه‌وتى ئه‌و وڵاته‌ بگرێته‌وه‌.

كۆمپانیاى رفیتینف ئیكۆن، له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ئێران 1.33 ملیۆن به‌رمیلى نه‌وتى به‌ چین و هیندستان فرۆشتووه‌، هەر كه‌شتییه‌كیش نه‌وتى ئێرانى باركردبێت بەرەو ئه‌وروپا نه‌ڕۆیشتووه‌.

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌ك، كه‌ چاودێرى كه‌رتى گواستنه‌وه‌ى نه‌وت بۆ بازاڕه‌كان ده‌كات، هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئێرانى به‌ 1.5 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت مه‌زه‌نده‌ كردووه‌، ئه‌و كه‌شتیانه‌شى هه‌ژماركردووه‌ كه‌ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان تۆماریان نه‌كردوه‌ و له‌ ناویاندا كه‌شتییه‌ك كه‌ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وتى باركردووه‌و بۆ ئیتالیا ده‌ڕوات.

ئه‌وه‌ش كه‌متره‌ له‌ بڕى نه‌وتى هه‌نارده‌كراوه‌ى مانگى نیسانى رابردوو كه‌ 2.5 ملیۆن به‌رمیل بووه‌، ئاماره‌كانیش دەریدەخەن كه‌مبوونه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌گاته‌ ئاستى 1.6 ملیۆن به‌رمیلى مانگى ئه‌یلولی رابردوو.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure