شا سه‌لمان لەسەر دیارنه‌مانی خاشقچی چی به‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا وت؟

هەواڵ / جیهان :: 16/10/2018‌ :: 1343‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد نەجمەدین
شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز، شای سعودیه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ی تشرینی یه‌كه‌م لە ریاز چاوی به‌ مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه‌وت. 

به‌پێی سایتی سپوتنیكی روسی، ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ شاندی پۆمپیۆ بوون بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی سعودیه‌ وتویانه‌: "وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا چاوی به‌ شا سه‌لمان كه‌وتووه‌ له‌ ریازی پایته‌خت بۆ تاوتوێكردنی دۆسیه‌ی دیارنه‌مانی جه‌مال خاشقچی رۆژنامه‌نوسه‌ سعودییه‌كه‌". 

سایته‌كه‌ له‌ زاری رۆژنامه‌نوسانه‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: شا سه‌لمان به‌ پۆمپیۆی وتووه‌، هیوادارم لێره‌ ئاسوده‌بێت، وه‌زیره‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ش وتویه‌تی، سوپاستان ده‌كه‌م سه‌ردانه‌كه‌تان به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆك تره‌مپ قبوڵكرد. 

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، میدیا سعودییه‌كان بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌: شا سه‌لمان، له‌گه‌ڵ پۆمپیۆ تاوتوێی بابه‌ته‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی ناوچه‌كه‌و هه‌وڵه‌كانی هه‌ردوولایان كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنیان. 

به‌پێی كه‌ناڵی (ئەلعه‌ره‌بیه‌) وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مریكا ئاشكرایكردووه‌، مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا پاش سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ریاز، راسته‌وخۆ به‌ره‌و توركیا به‌رێده‌كه‌وێت.

دوێنێ دووشەممە، هیزه‌ر ناوێرت، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرایكرد: دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌په‌له‌ و كراوه‌ی كردووه‌ له‌ دۆسیه‌ی دیارنه‌مانی جه‌مال خاشقچی رۆژنامه‌نوس له‌ رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست. 

ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌دێت تره‌مپ ئاشكرایكردبوو، له‌گه‌ڵ شا سه‌لمانی پاشای سعودیه‌ قسه‌ی كردووه‌ له‌باره‌ی دیارنه‌مانی خاشقچی. 

2ى ئه‌م مانگه‌ پاش سه‌ردانێكى بۆ كونسڵخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ ئه‌سته‌نبوڵ، خاشقچى بێسه‌روشوێن بووەو تائێستاش هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان باس له‌ كوژرانى ده‌كه‌ن له‌نێو كونسڵخانه‌كه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆى لێدوانه‌ ره‌خنه‌ئامێزه‌كانى پێشووى به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى ریاز.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure