كۆمسیۆن كاتی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن ئاشكرادەكات

هەواڵ / کوردستانی :: 16/10/2018‌ :: 3432‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌هۆى یه‌كلاینه‌كردنه‌وه‌ى سكاڵاى قه‌واره‌كان و ئه‌و سندوقانه‌ى قردێڵه‌ى سووریان لێدراوه‌، راگه‌یاندنى ئه‌نجامى كۆتایى ده‌كه‌وێته‌ سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو.

سه‌یاح كوره‌چى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌كۆى ئه‌و هه‌زارو 45 سكاڵایه‌ى له‌ كۆمسیۆن تۆماركراوه‌، 779 سكاڵا ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ 348 سكاڵایان  زه‌ردو 279 سكاڵاى دیكه‌یان سه‌وزه‌و 161یان سووره‌، بۆیه‌ یه‌كلایكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م سكاڵاكان كاتى پێویسته‌.

له‌باره‌ى ئه‌نجامى ئه‌و 228 سندوقه‌ى قردێڵه‌ى سووریان لێدراوه‌، سه‌یاح كوره‌چى وتى: "له‌دوێنیوه‌ ده‌ستكراوه‌ به‌كاركردن له‌سه‌ر سندووقه‌كان، به‌ڵام تائێستا كاره‌كان كۆتاییان نه‌هاتووه‌و هیچ بڕیارێكیش له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى كۆمسیارانه‌وه‌ ده‌رنه‌چووه‌و چاوه‌ڕێى كارى ئه‌و 35 كه‌سه‌ ده‌كرێت كه‌ وه‌كو لێژنه‌ ده‌ستبه‌كاربوون".

وتیشى: "ئه‌نجامه‌كانى سكاڵا و ئه‌و سندوقانه‌ى قردێڵه‌ى سووریان لێدراوه‌، نزیكه‌ى چوار تاوه‌كو پێنج كورسى ده‌بێت و به‌دڵنیاییه‌وه‌ گۆڕانكارى به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن دێت".

له‌باره‌ى راگه‌یاندنى ئه‌نجامى كۆتایى هه‌ڵبژاردن، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى كۆمسیاران، وتى: "هیودارین بتوانین له‌ رۆژانى شه‌ممه‌ یاخود یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتووى ئه‌نجامه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى فه‌ریى رابگه‌یه‌نین".

رۆژی 30ی ئەیلول هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، شەوی 4ی تشرینی یەكەم، كۆمسیۆن رێژەی 85%ی ئەنجامەكانی راگەیاند.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure