دواڕۆژ ئاماری تاوانه‌كانی دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ كه‌ركوك بڵاوده‌كاته‌وه

هەواڵ / کوردستان :: 16/10/2018‌ :: 761‌ جار بینراوە

تاگ :: كه‌ركوك

دواڕۆژ، عیماد جەباری
بەپێی ئامارێك كە دواڕۆژ دەستی كەوتووە، دوای رووداوەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو كە هێزە عێراقییەكان مەلەفی ئەمنی كەركوكیان گرتەدەست رووداوە ئەمنییەكان لەشارەكە بەراورد بەساڵانی رابردوو زیادیكردووە.

بەپێی ئەو ئامارە كە لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستكەوتووە، لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە تاوەكو ئەمڕۆ لەسەنتەری شاری كەركوك زیاتر لە 761 رووداوی ئەمنی رویانداوە لەتاوانەكانی كوشتن، رفاندن، تەقاندنەوەی بۆمب، تەقینەوەی ئۆتۆمبێل، دزینی ئۆتۆمبێل و هەڵكوتانە سەر ماڵان بەچەكەوە.

هەر بەپێی ئەو ئامارە زیاتر لە 360 تاوانی دزینی ئۆتۆمبێل و دزینی ماڵان تۆماركراوە كە ئەگەر بەسەر ساڵەكەدا دابەشبكرێت ئەوە رۆژی دزییەك كراوە و تەنها لە 10 مانگی ئەمساڵیشدا 85 ئۆتۆمبێل دزراون كە 35 ئۆتۆمبێڵیان گەڕێندراونەتەوە بۆ خاوەنەكانیان.

ئازاد جەباری، سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە دواڕۆژی وت: "هێزە عێراقییەكان بەشێكیان چەكدارانی حەشدی شەعبین و بەجلوبەرگی وەزارەتی ناوخۆوە دەركەوتوون، ئەزمونیان نییە و ئامارەكانیش گەواهیدەری ئەو راستییەن كە ناتوانن ئاسایشی كەركوك دابینبكەن و خۆشیان دانیانناوە بەو شكستەیاندا".

وتیشی: "لەئێستادا پێویستە چاو بەپلانی ئەمنی هێزەكاندا بخشێنرێتەوە و پێشمەرگە و ئاسایش لەمەلەفی ئەمنیدا بەشداری پێبكرێت، چونكە بەشێك لە هێزە ئەمنییەكان كەركوك خۆیان بەدانانی گومرك و مشەخۆرییەوە سەرقاڵ كردووە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure