فۆرین پۆلیسی: داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 16/10/2018‌ :: 3282‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
له‌پاش ساڵێك له‌ راگه‌یاندنى سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر گروپى داعشدا له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقیه‌وه‌   به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌و گروپه‌ به‌شێوازێكى تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌  و مه‌ترسی دروست ده‌كه‌ن كه‌ پشكى شێرى مه‌ترسییه‌كانیشیان به‌ر كورد ده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ش به‌ پێى راپۆرتێك كه‌ گۆڤارى فۆرین پۆلیسی ئه‌مریكى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تیایدا ئاشكرایده‌كات چه‌كدارانى داعش به‌شێوه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌. 


به‌پێى راپۆرته‌كه‌ له‌ هه‌نگاوێكى سه‌یردا به‌شێك له‌ هێزه‌كانى حه‌شدی شه‌عبی توانیویانه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانى گروپى داعش رابكێشن بۆ نێو خۆیان به‌تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ى كه‌ خاڵى سنورى نێوان ده‌سه‌ڵاتى كورد و  عه‌ره‌به‌ سونه‌كانن.

حه‌شدی شه‌عدبی كه‌ زۆرینه‌ى پێكهاته‌كه‌ى شیعه‌ مه‌زهه‌بن له‌رێگه‌ى به‌شێك له‌و سه‌ركردانه‌ى پێشوى داعشه‌وه‌ له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ هه‌ژمونى خۆى به‌سه‌ر ناوچه‌ سونه‌كاندا جێبه‌جێبكات .

فۆرین پۆلیسی ئاشكرایكردووه‌ كه‌ حه‌شدی شه‌عبی ستراتیژی كاركردنى خۆى گۆرَیوه‌ له‌ ناوچه‌ تێكه‌ڵه‌كانداو ده‌رگاى ئه‌ندام بوونى بۆ ئه‌و چه‌كدارانه‌ى پێشوى داعش كردووه‌ته‌وه‌ كه‌  پێشتر نه‌یارى بوون.
                  
ئه‌و گۆڤاره‌ ئه‌مریكیه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌ كه‌ دوو  هێزى  حه‌شدى شه‌عبی ته‌نها له‌ سنورى ناحیه‌ى جه‌له‌ولاى  جێناكۆكى سنورى قه‌زاى خانه‌قین 70 چه‌كدارى پێشوى داعشیان كردووه‌ته‌وه‌ چه‌كدارى خۆیان. فۆرین پۆلیسی له‌سه‌ر زارى خه‌لیل خوداداد یه‌كێك له‌ به‌رپرسانى كورد له‌ جه‌له‌ولاوه‌ ئاشكرایكردووه‌ كه‌ ئه‌و چه‌كداره‌ عه‌ره‌بانه‌ى داعش كه‌ خه‌ڵكى جه‌له‌لاو بوون له‌ ساڵى 2014 رویان كرده‌ شاره‌كانى تر، به‌ڵام ئێستا په‌یوه‌ندیان به‌ حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ كردووه‌و به‌ جلوبه‌رگێكى تره‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شاره‌كه‌.
    
به‌پێى ئه‌و راپۆرته‌ داعشه‌ گه‌ڕاوه‌كان ته‌نها چه‌كدارى ئاسایی نین  به‌ڵكو به‌شێكیان فه‌رمانده‌ى باڵاى داعش بوون له‌وانه‌ مه‌تشه‌ر توركى و زه‌ید موالان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure