لە ڕاپەڕین پۆلیس 4 کەس بە تۆمەتی دزی دەستگیرکرد

هەواڵ / کوردستان :: 16/10/2018‌ :: 384‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
ئەمڕۆ سێەشممە 16ی تشرینی یەکەم، پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: چوار کەسیان بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکردووە و تۆمەتباران دانیان ناوە بەوەی کە چەندین کاری دزیان لە سنوری ناحیەی حاجیاوا و قەزای ڕانیە ئەنجامداوە.


شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند: هەفتەی ڕابردوو هاوڵاتیەک سکاڵای لە پۆلیسی حاجیاوای تۆمارکردووە کە لەناو بازاڕی ناحییەکە دزی لە دوکانەکەی کراوە بڕێک پارەی لێ دزراوە، دواتر هێزەکانی پۆلیسی ڕاپەڕین دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە.

وتیشی: "هێزەکانی پۆلیسی حاجیاوا و بەهاوکاری  پۆلیسی بێتواتە چوار تۆمەتباریان لەسەر ئەو تاوانە دەستگیرکردووە و دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان سەرجەمیان دانیان ناوە بە تاوانەکەیاندا کە لەو دوکانە و چەندین شوێنی تر تاوانی دزیان ئەنجامداوە". 

باسی لەوەشکرد: بەبڕیاری دادوەر هەر چوار تۆمەتبار بە گوێرەی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure