پارتی و یه‌كێتی به‌ دوو پڕۆژه‌ی جیاواز گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 16/10/2018‌ :: 689‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
هه‌ریه‌ك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ دوو پڕۆژه‌ی جیاواز گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن و پاكێجی هاوبه‌شه‌ 29 خاڵیه‌كه‌ی نێوانیشیان كاری پێناكرێت.


دوای ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ پارتی و یه‌كێتیی له‌ماوه‌ی دوو مانگی ڕابردوو له‌ ڕێگه‌ی لیژنه‌ی هاوبه‌شی نێوانیان پاكێجێكی هاوبه‌شی 29 خاڵیان داڕشت، به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان و پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق، دوای هه‌ڵبژاردنی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆك كۆمار عێراق، ناكۆكی كه‌وتۆته‌ نێوانیان، هه‌ردوولاش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن: به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ ده‌كه‌ن.

كاكه‌مین نه‌جار، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌وباره‌یه‌ به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: پارتی بەرنامەی خۆی داوە بە سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی ڕاسپێردراو، به‌ ته‌فاسیلی   چۆنیەتی حکومڕانیکردنی عێراقیان دیاریکردووە و له‌ ئێستاشدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌ گفتوگۆدان.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی پارتی دایڕشتووه تایبه‌ت نییه‌ به‌ پارتی به‌ڵكو جه‌ختكراوه‌ته‌ سه‌ر مه‌بده‌ئی هاوبه‌شی و تەوازون و سازان لە نێوان هه‌رێم و  بەغدا به‌و مه‌رجانه‌ش به‌شداری پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ رەفعەت  عه‌بدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات: یه‌كێتیی پڕۆژەیه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت به‌پێی ئیستحقاقی خۆی لە حكومەتی نوێی عێراق ڕۆڵ ببینێت و بەشداری لە حكومەتی داھاتووی عێراق بكات، به‌جۆرێك كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێم چاره‌سه‌ربكات.

وتیشی: "له‌ پڕۆژه‌كه‌ی یه‌كێتیی پرسی كه‌ركوك و كێشه‌ی بودجه‌ و نه‌وت له‌ نێوان هه‌رێم و بەغدا له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی داواكارییه‌كانه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure