گه‌نده‌ڵى زه‌به‌لاحترین دۆسێى به‌رده‌م كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى

هەواڵ / چاوی تۆ :: 16/10/2018‌ :: 215‌ جار بینراوە

بورهان شێخ ڕه‌ئوف 
ئه‌گه‌رچى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكى حكومه‌تى ماوه‌به‌سه‌رچوو و كاربه‌ڕێكه‌رى ئێستاى عێراقیش زۆرى وت ده‌رهه‌ق به‌ گه‌نده‌ڵى، ته‌نانه‌ت له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوونیدا وتى ئه‌گه‌ر سه‌ریشم دابنێم واز له‌ دژایه‌تى و به‌گژاچوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و گه‌نده‌ڵكاران  ناهێنم، به‌ڵام ئه‌وه‌ى بینیمان ئاكامێكى به‌رچاوى نه‌بوو له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌شێكى زۆرى سه‌رانى وڵات خۆیان تێوه‌گلابوون به‌ دیارده‌ى گه‌نده‌ڵى، له‌وه‌یه‌ بارودۆخى چوارساڵ پێش ئێستاش جیاواز بێت له‌ ئێستا كه‌ شه‌ڕى داعش و تیرۆر كۆتایى هاتووه‌.

گه‌نده‌ڵى ئه‌و ده‌رده‌ كوشنده‌یه‌یه‌ كه‌ له‌ تیرۆر مه‌ترسیدارتر و زیانبه‌خشتره‌ بۆ وڵات له‌به‌رئه‌وه‌ى كۆسپى گه‌وره‌ى به‌رده‌م گه‌شه‌كردن و پێشووه‌چوونى گه‌ل و وڵاته‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانى بنیاتنان و په‌روه‌رده‌ و فێركردن و وه‌به‌رهێنان و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ پێویست و گرنگه‌كانى ترى  وڵات.

له‌به‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ سه‌ركه‌وتنى كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى په‌یوه‌سته‌ به‌ چۆنێتى هه‌ڵسوكه‌وت و ئه‌و ڕێكارانه‌ى ده‌یگرێته‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ر و به‌گژاچوونه‌وه‌ و ڕیشه‌كێشكردنى گه‌نده‌ڵكاران كه‌ زیانى گه‌وره‌یان به‌ ئابورى و سامان و داهاتى عێراق گه‌یاندووه‌ له‌ پازده‌ ساڵى ڕابردوودا.

كاریگه‌رییه‌كانى گه‌نده‌ڵى له‌سه‌ر عێراق: 
1. ده‌رگایه‌كى  گه‌وره‌ بۆ به‌فێڕۆدانى ماڵى گشتى. 
2. كۆسپى گه‌وره‌ی پێش گه‌شه‌كردن له‌به‌رئه‌وه‌ى ڕێ ده‌گرێت له‌ وه‌به‌رهێنان له‌ڕێگه‌ى پاڵنان به‌ وه‌به‌رهێنه‌رانه‌وه‌ كه‌ نه‌وێرن نزیكى حكومه‌ت ببنه‌وه‌ بۆ كاركردن.
3. فاكته‌رێكى ڕاسته‌وخۆیه‌ بۆ وه‌ستانى ره‌وڕه‌وه‌ى پێشكه‌وتن و به‌ربه‌ستى به‌رده‌م بنیاتنانى ژێرخانى ئابوورى.
4. ڕێخۆشكردن و زه‌مینه‌سازیى بۆ سه‌رهه‌ڵدانى بیروبۆچوونى توندڕه‌وى و تیرۆر و توندوتیژى ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌ژارى و بێكارى.
5. هۆكارێكى گه‌وره‌ى تێكچوونى بارودۆخى ئاسایشى وڵات و دروستبوونى په‌شێوى و سه‌رهه‌ڵدانى تاقمى مافیا و تیوه‌گلانه‌ به‌ بازرگانیى ماده‌ى بێهۆشكه‌ر.
 باشترین به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى و كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر دۆخى عێراق و سه‌رهه‌ڵدانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى  له‌ عێراق و شام و داگیركردنى سێ-یه‌كى خاكى عێراق له‌ ساڵى 2014 بوو به‌هۆى گه‌نده‌ڵى له‌ بۆنده‌كانى كڕینى چه‌ك و دامه‌زراندنى هه‌زاران كه‌سى بندیوار له‌ ناو ڕیزه‌كانى سوپاى عێراق و هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆ به‌ تایبه‌تى له‌ سه‌رده‌مى كابینه‌ى نورى مالیكى كه‌ ڕۆڵێكى زۆر ناله‌بار و نێگه‌تیڤى گێڕا بۆ تێكدانى دۆخى عێراق و سه‌رهه‌ڵدانى ململانێى ئتنیكى و تائیفى و تا ئێستاش وه‌ك به‌رزه‌كى بانان بۆى ده‌رچووه‌.
به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌وه‌یه‌ كارێكى زۆر قورس و پڕ سه‌رئێشه‌ بێت بۆ عه‌بدولمه‌هدى چونكه‌ به‌شێكى دیار و خاوه‌ن پێگه‌ و هه‌ژموون له‌ نێو سیاسیه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانى عێراقدا تێوه‌گلاون به‌ گه‌نده‌ڵى و هه‌ر ئه‌وانیش هاوڕان و سازاون به‌ مالیكى-یشه‌وه‌  له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى ببَیته‌ كاندیدى هه‌موان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ  له‌ به‌رئه‌وه‌ ئه‌ركه‌كه‌ى سه‌رۆكوه‌زیرانى نوێ ئاسان نابێت.
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر  عه‌بدولمه‌هدى هه‌ر هه‌نگاوێك بهاوێت بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا به‌ریه‌كبكه‌وێت كه‌ ئه‌ویان كاندیدكردووه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق كه‌ گرنگترین و هه‌ستیارترین پۆسته‌ و به‌هێزترین و زۆرترین ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه‌ له‌ عێراقى نوێدا  به‌پێى ده‌ستوورى عێراق.

له‌ ئاوا بارودۆخێكدا عه‌بدولمه‌هدى چ بكات؟
به‌ دیدى من له‌ ئاوا بارودۆخێكدا باشترین و خێراترین ڕێگه‌ بۆ دۆخى ئێستاى كارگێڕى و به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تى عێراق به‌ هه‌موو داموده‌زگاكانیه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ر به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى زیاترى گه‌نده‌ڵى بگێرێت و ڕێكارى پێویست بگیرێته‌به‌ر بۆ ڕیشه‌كێشكردنى. وازهێنان له‌ دۆسیه‌ كۆنه‌كان و نه‌كردنه‌وه‌یان له‌كاتى ئێستادا بۆئه‌وه‌ى به‌ریه‌ككه‌وتن ڕوونه‌دات له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ سه‌ره‌ گه‌وره‌كان كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان گلاونه‌ته‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ و بۆئه‌وه‌ى كێشه‌ و كۆسپ دروست نه‌كه‌ن بۆ كابینه‌ى نوێ له‌ به‌جێهێنانى ئه‌ركه‌ نوێ و قورسه‌كانیدا.
 










  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure