هاتووچۆی سلێمانی هەڵمەتی "هۆشیاری هاتووچۆ" رادەگەیەنێت

هەواڵ / کوردستان :: 16/10/2018‌ :: 995‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ، هەڵمەتی "هۆشیاری هاتووچۆ" رادەگەیەنێت كە ماوەی مانگێك دەخایەنێت.


بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی كە واژۆی عەمید فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری هاتووچۆی لەسەرە، تیایدا هاتووە: بۆ رێگەگرتن لەو سەرپێچییانەی رەوشی هاتووچۆ دەشێوێنن و بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان، بەڕێوەبەرایەتییەكەمان هەڵمەتێك بۆ هۆشداریدان رادەگەیەنێت كە لە بەرواری 18-10-2018 تا 18-11-2018 دەخایەنێت.

لە نووسراوەكەدا گرنگترین ئەو سەرپێچییانە دیاریكراون كە هەڵمەتەكە جەختیان لەسەر دەكاتەوە لەوانە (بەكارنەهێنانی قایشی سەلامەتی، بەكارهێنانی مۆبایل لە كاتی شۆفێری، پەیڕەونەكردنی خێرایی رێگەپێدراو، راگرتنی ئۆتۆمبێل لە شوێنی قەدەغە، پابەندنەبوونی بارهەڵگرەكان بە یاسا و رێنماییەكان، نەبوونی مەرجەكانی توندوتۆڵی و پیسكردنی ژینگە، پێشێلكردنی مافی پیادە، هەڵگرتنی تابلۆی ساختە، بەكارنەهێنانی كڵاوی ماتۆڕسكیل و لێدانی گڵۆپی سور لە ترافیك لایتەكاندا).

ئاماژە بەوەش دەکەن: چەندین میكانیزم بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە خراوەتەڕوو لەوانە (بەرنامەكانی تەلەفزیۆن و رادیۆی هاتووچۆ، سیمینار و وۆركشۆپ، هەڵواسینی فلێكس پڕوشۆر لەڕێگەی سپۆنسەر و سەردانكردنی قوتابخانەكان) و داوا لە دەزگا حكومی و حیزبی و رێكخراوەكان بكرێت هاوكار بن.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە