دوای ساڵێك دابڕان خەریكە ده‌سه‌ڵاتى كورد لە كەركوك دەبێتە رابردوو

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/10/2018‌ :: 313‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
ساڵێك بەسەر رووداوەكانی ئۆكتۆبەردا تێپەڕدەبێت، دۆخی ئەمنی ئەو شارە باش نییە و مەترسی ئەوەش هەیە ترسی هێزە سەربازییەكان لە داعش كارەساتێكی گەورە بخوڵقێنێت، جگە لەوەش، لەساڵی پارەوە كورد 60 پۆستی خۆی لەكەركوك و دەوروبەری لەدەستداوە.


بەوتەی چاودێرانی دۆخی كەركوك، لەم ساڵەدا هێزە عێراقییەكان شكستیان هێناوە لە بەڕێوەبردنی مەلەفی ئەمنی شارەكەدا ئەوەیش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێننەوە كە سەرەكیترینیان فەرامۆشكردنی هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەكانی كوردە كە لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا توانیبویان ببنە خاوەن زانیاری و سەرچاوەیەكی زۆر لە سەرجەم جومگەكانی پارێزگاكەدا.

ئاماژە بۆ ئەوەشدەكەن كە بەهۆی ناشارەزایی و متمانەپێنەكردنی هاوڵاتیان نەیانتوانیوە شانە نوستووەكانی داعش بەر لە ئەنجامدانی كردەوەكانیان ئاشكرابكەن، لە دەوروبەری كەركوكیش دۆخەكە لەوە خراپترە كە لەمیدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەگوازرێتەوە بەشێوەیەك بەرپرسانی عەرەبی دانیشتوی باشوری پارێزگاكە هۆشداری دەدەن كە ئەگەر چارەسەرێك نەدۆزرێتەوە ئەوە ترسی هێزە سەربازییەكان لە داعش كارەساتێكی گەورە دەخوڵقێنێت.

لەگەڵ ئەو دۆخە خراپەی هێزە سەربازییەكانی عێراق لە كەركوك تێیكەوتوون، كەچی هێشتا حكومەتی بەغدا رەزامەندی دەرنابڕێ لەسەر پێكهێنانی هێزی هاوبەش لەسوپا و پێشمەرگە بۆ پاراستنی ناوچە كێشە لەسەرەكان ئەگەرچی دەیان جار لەلایەن ئەمریكییەكانەوە هەوڵ بۆ ئەو مەبەستە دراوە.

عەمید رێبوار عەبدوڵا، فەرماندەی لیوای یەكی پیادەی هێزی پێشمەرگە كە ئێستا هێزەكانیان لەسنوری ناحیەی قەرەهەنجیر جێگیرە بەدواڕۆژی وت: "بەدڵنیاییەوە ئەگەر بهاتایە هێزی پێشمەرگە بەهاوبەشی لەگەڵ هێزە عێراقییەكاندا لەناو شارەكە بوایە لەڕووی شارەزایی و متمانە و دەرونیشەوە لەئێستا باشتر دەبوو".

وتیشی: "هیچ زانیارییەكمان لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا نییە سەبارەت بەگەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەكانی پێشوو".

ئەگەرچی رێگەنادرێت ئاماری ئەمساڵی رووداوەكانی كەركوك ئاشكرابكرێت، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە بەراورد بەڕابردوو تاوان بەهەموو جۆرەكانی و كردەوەی رفاندن و كوشتن و هەڵكوتانەسەر ماڵان و دزینی ئۆتۆمبێل بەڕێژەیەكە كە دەكرێت بوترێت لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە.

ئیدریس رەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركوك (پارتی) بەدواڕۆژی وت: "هێزە عێراقییەكان كە مەلەفی ئەمنی كەركوكیان بەدەستەوەیە، هیچ هەماهەنگی و حسابێك بۆ هێزە ئەمنییەكانی شارەكە ناكەن و خۆشیان لەجیاتی دابینكردنی ئاسایش بوونەتە سەرچاوەی كێشە و تاوان".

وتیشی: "لەڕابردوودا سەرجەم هێزەكان بە ئاسایش و پۆلیس و هەواڵگری و پێشمەرگەوە وەكو یەك تیم كارمان دەكرد و زانیاری و هەماهەنگیمان لەگەڵ یەكتر لەئاستێكی بەرزدا بوو".

بەڕێوەبەری ئاسایش ئەوەشی خستەڕوو كە بەشێك لەهۆكاری ناسەقامگیری كەركوك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو هێزەی مەلەفی ئەمنی شارەكەی بەدەستەوەیە لەبنەڕەتدا خەڵكی شارەكە نییە و شارەزاییان لە جوگرافیا و سروشتی خەڵكەكەی نییە و بەزەییشیان پێدا نایەت، چونكە شاری خۆیان نییە.

لەڕووی ئیداریشەوە لەمساڵەدا كە راكان سەعید جبووری وەكو پارێزگاری كاتی كەركوك دەستبەكاربووە، زۆرترین بڕیارەكانی دژی پێكهاتەی كورد بووە و دەیان بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەشی فەرمانگەكانیش (لە پێكهاتەی كورد) بەنوسراوی فەرمی ئەو پارێزگارە لادراون.

بەپێی ئەو ئامارانەی بەردەوام لەلایەن بەرپرسانی ئیداریی كوردەوە دەخرێتەڕوو، لەماوەی ساڵێكدا زیاتر لە 60 پۆستی جۆراوجۆر لە كورد وەرگیراونەتەوە و خەڵكانی عەرەب و توركمان لەشوێنەكانیان دانراون.

لە سه‌نتەری شاری كەركوكیش زیاتر لە 20 پۆست لە كورد وەرگیراونەتەوە كە بریتین لە پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و بەڕێوەبەری تەندروستی و كشتوكاڵ و قایمقام و خانوبەرە و خۆراك و دەستەی دەستپاكی و وەبەرهێنان و ئاو و چالاكی وەرزشی، پۆلیسی فریاكەوتن و نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی ئامادە و مادەی هۆشبەر و شوێنەوار و پۆلیسی زیادەڕۆییەكان و قەزا و ناحییەكان و لیژنەی كۆمپانیا ئەهلییەكان.

لە قەزای داقوقیش حەوت پۆست لەكورد وەرگیراوەتەوە كە بریتین لەقایمقام و بەڕێوەبەری پۆلیس و نەهێشتنی تاوان و كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان و گەیاندن و بەشی دارایی قایمقامییەت.

هەروەك لە سنوری قەزای دوبز و ناحیەكانی پردێ و سەرگەڕان هەشت پۆست وەرگیراونەتەوە كە بریتین لە قایمقام و بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوان و دادنوس و كشتوكاڵ و پۆلیس و رەگەزنامە لە ناحیەی سەرگەڕان و دابەشكردنی كارەبا لەپردێ.

جگە لە بەڕێوەبەرەكان، دە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش كە سەر بە پارتین بە بڕیارێكی سیاسی شارەكەیان بەرەو هەولێر بەجێهێشتووە و ئامادەنین بگەڕێنەوە شارەكە.

بێستون عادل، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دواڕۆژی وت: "ئەوەی ئیدارەی ئێستای كەركوك دەیكات لە پرسی لابردنی بەرپرسانی كورد تەنها بۆ بەرزكردنەوەی ركێفی خۆیانە لەناو شەقامی عەرەبیدا ئەوەیش دۆخێكی كاتییە".

وتیشی: "هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە و وەرگرتنی پۆستی پارێزگار لەلایەن یەكێتییەوە، بە یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسەیش كێشەكانی دیكە چارەسەردەبن".

ماوەی ساڵێكە لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عێراق ئازادكردنەوەی تەواوی ناوچە داگیركراوەكانی ژێر دەستی داعشی راگەیاند، بەڵام هێشتا ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی سنوری قەزای حەویجە و پارێزگاكانی دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار لە كەركوك ماونەتەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی كەوتوونەتە دەستی دواڕۆژ، هێشتا 40%ی دانیشتوانی حەویجە و ناحیەكانی دەوروبەری لەسەنتەری شارەكەدا نیشتەجێن، خەڵكێكی زۆری پارێزگاكانی دیكەیش بەتایبەت دیالە و سەڵاحەدین كارتی زانیارییان پێدراوە و لەئێستادا نیشتەجێی كەركوك بوون.

بەشێكی زۆریشیان خانویان كڕیوە و لەئێستایشدا سەرقاڵی كڕینی خانون لە گەڕەكە كوردنشینەكان و ناوچەكانی سەر رێگەی هەولێر و سلێمانی، ئەوەیش بازاڕی فرۆشتن و كڕینی خانوی گەرم كردووە و نرخەكەیشی بەراورد بەچەند مانگی رابردوو رفاندووە.

جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە دواڕۆژی وت: بەپێی زانیارییەكان زۆربەی ئەو خەڵكەی خانوو دەكڕێت، هەمان ئەو كەسانەن كە لە 2003وە شارەكەیان بەجێهێشتووە و لەئێستادا بە پارەیەكی زیاتر سەرقاڵی كڕینی خانوو گەڕانەوەن بۆ شارەكە.

وتیشی: "ئەم پڕۆسەیە بەرنامە بۆ داڕێژراوە و مەبەستیش لێی تەعریبكردنەوەی كەركوكە بەتایبەت كە مەلەفی ئەمنی و ئیداری شارەكە لەدەستی خۆیاندایە".

لەماوەی ئەمساڵەدا پارێزگاری كاتیی كەركوك سەرجەم هەوڵەكانی بۆ دابڕینی كەركوك بووە لەهەرێمی كوردستان و سڕینەوەی ئەو شوێنەوارانە بووە كە هێمای كوردستانێتی شارەكە دەسەلمێنن.

مەترسیدارترین پێشنیاز كە كرا بۆ حكومەتی عێراق دانانی دوو خاڵی گومرگیی بوو لەسەر رێگەی كەركوك – سلێمانی و هەولێر كە بووەتە مایەی نیگەرانی بازرگان و هاوڵاتیانی شارەكە بەهۆی ئەو كاریگەرییە خراپەی لەسەر بازاڕەكان دروستیكردووە.

هەر لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەشدا كاری 160 رێكخراوی ناحكومی لە كەركوك قەدەغەكراون، كە لەلایەن هەرێمەوە تۆماركرابوون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure