توركیا كونسڵخانه‌ى سعودیه‌ ده‌پشكنێت

هەواڵ / جیهان :: 15/10/2018‌ :: 825‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا رایگه‌یاند پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ى تشرینى یه‌كه‌م به‌ هاوبه‌شی تیمێكى سعودى و له‌ چوارچێوه‌ى دۆسیه‌ى دیارنه‌مانى جه‌مال خاشقچى كونسڵخانه‌ى سعودیه‌ له‌ ئه‌سته‌تبوڵ ده‌پشكنن.

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر و له‌پاش چوونه‌ ناو باڵه‌خانه‌ى كونسڵخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ ئه‌سته‌نبوڵ، جه‌مال خاشقچی نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسی سعودى دیار نه‌ما و تائێستاش چاره‌نوسى نادیاره‌.
ماڵپه‌ڕی (سی ئێن ئێن تورك) و (خه‌به‌رتورك) ڕایانگه‌یاندووه‌ بۆ زانینى چاره‌نووسی جه‌مال خاشقچى ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن گروپێك له‌ لێكۆڵه‌ره‌وانی توركیا و سعودیه‌ كونسوڵخانه‌كه‌ ده‌پشكنن.
میدیاكانى توركیا ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانی شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز پادشای سعودییه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی كه‌یسی خاشقچى له‌ ناوخۆی سعودییه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

پێشتر چه‌ند جارێك توركیا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ نێو باڵه‌خانه‌ى كونسڵخانه‌ى سعودیه‌ ئه‌نجامبدرێت بۆ زانینى چاره‌نوسی حه‌مال خاشقچى.   
  
 ئه‌و بڕیاره‌ نوێیه‌ بۆ پشكنینى كونسڵخانه‌ى سعودیه‌ له‌ ئه‌سته‌نبوڵ له‌پاش ئه‌وه‌ هات كه‌ شه‌وی ڕابردوو ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا و شا سه‌لمان بن عه‌بدول عه‌زیز پادشاى سعودیه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییان ئه‌نجامداوه‌ و ڕێككه‌وتوون كه‌ به‌ هاوكاری هه‌ردوولا به‌دواداچوون بۆ ڕووداوه‌كه‌ بكه‌ن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure