ناوی گەورە و شاری وێران (فێستیڤاڵ بەڕێوەدەبەین نە سینەمامان هەیە نە بەرهەم)

هەواڵ / چاوی تۆ :: 14/10/2018‌ :: 357‌ جار بینراوە
لەیلا مەجیدی*

لەم سەدەیەدا سینەما و راگەیاندن بوونەتە چەک، چەکی ئابوری، چەکی سیاسی و چەکی...

کورد لە کوردستانی باشور چۆن لەم چەکە دەڕوانێ و تا چەند کەڵکی پێویستی لێوەرگرتووە؟ تا چەند لە گرنگیی سینەما و راگەیاندن تێگەیشتووە و ئێستا لە چ قۆناغێکداین؟

ئەوانە و کۆمەڵێک پرسیاری دیکە لەلای تاکی دەسەڵاتداری کورد بێوەڵام ماونەتەوە. ساڵانە چەندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆری سینەمایی بە هەزینە و تێچوویەکی زۆرەوە لە چەند شارێکی کوردستانی باشور بەڕێوەدەچێ، بەڵام نە دەسەڵات ویستوویەتی پشتی سینەماکارانی کورد بگرێ و نە فێستیڤاڵەکان بوونەتە هۆکار بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی کوردی و خۆماڵی.

زۆر و بۆر قازانجی نییە، یەک فێستیڤاڵی ساڵانە لە یەک شاری کوردستان بەسە بۆئەوەی سینەماکاران و هونەرمەندان هان بدات کار و ئیشی سینەمایی کوردی بکەن، فێستیڤاڵێکی بەهێز لە چەشنی کان-ی فڕه‌نسا، هۆڵیود-ی ئەمریکا یا لانیکەم ڤێنیز-ی ئیتالیا.

بایەخدان بە فیلمی بیانی و ئەکتەری غەیرەکورد، بە داخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەدەستێنێ و بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکان پێیانوایە ئەگەر فەرشی سووریان بۆ ئەکتەرێکی ئێرانی و فارس یا تورک و عەرەب ڕاخست، ئەوە نیشانەی پێشکەوتنی سینەمای کوردییە.

ئەرکی دڵسۆزانی سینەمای کوردییە، ئەو چەشنە فێستیڤاڵانە کە زیاتر وەک پێشانگه‌ی ئەکتەرە غەیرەکوردەکان دەچێ، بایکۆت بکەن.
 
ئایا بۆ کەس ناپرسێتەوە: فێستیڤاڵی فیلمی کوردی چەندین ساڵە لە کوردستان بەڕێوەدەچێ، ئەدی کوا! فیلم و سینەمای کوردی گەیشتۆتە کوێ؟ کوا! چەند کورتەفیلم و فیلمی سینەماییتان بەرهەمهێناوە کە بتوانێ لە فێستیڤاڵە جیهانیەکاندا بەشداریی بکات و دەنگ و ڕەنگی کورد بە دونیا بناسێنێ؟

دەرهێنەرانی سینەمای کوردی، کوا چەند ئەستێرەی سینەمایی کوردیتان دروست کردووە؟ تەنانەت ئەوانەی هەیشن خەریکن دەیانڕووخێنن.

کەڵکوەرگرتن لە ئەکتەری سینەمای فارس و تورک و عەرەب، خزمەت بە سینەمای کوردی نییە. فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی دەبوو بایەخی بە فیلمسازانی کوردی چوار پارچەی کوردستان دابایە، ئەوجار بە سینەماکارانی بیانی.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم بەداخەوە ئێمە فێستیڤاڵی سینەماییمان نییە، پێشانگه‌ی نمایشکردنی ئەکتەری غەیرەکوردە و ناوی فێستیڤاڵی خراوەتە سەر.

* سینەماکاری کورد 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure