سعودیه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كاردانه‌وه‌ ده‌كات

هەواڵ / جیهان :: 14/10/2018‌ :: 1205‌ جار بینراوە
جه‌مال خاشقچى

دواڕۆژ
كاردانه‌وه‌ جیهانییه‌كان ده‌رباره‌ى دۆسیه‌ى جه‌مال خاشقچى ئابورى سعودییه‌ روبه‌ڕووى سه‌ختى ده‌كاته‌وه‌ و حكومه‌تى ئه‌و وڵاته‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی كاردانه‌وه‌ی به‌هێز ده‌كات.


دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی سعودیه‌ به‌رامبه‌ر دیارنه‌مانی جه‌مال خاشقجی تۆمه‌تباركران، هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ ئه‌گه‌ر بسه‌لمێنرێت خاشقچی له‌ كونسوڵخانه‌ی سعودیه‌ له‌ ئه‌سته‌نبوڵ كوژراوه‌ ئه‌وا سزای قورس ده‌خاته‌ سه‌ر ریاز، ئابووریی ئه‌و وڵاته‌ رووبه‌ڕووی سه‌ختی بووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ بازاڕی ئاڵوگۆڕ له‌ ریاز به‌ڕێژه‌ی 7% دابه‌زیوه‌ و له‌ كۆی 186 كۆمپانیای هاوبه‌شیدا كه‌ پشكه‌كانی له‌و بازاڕه‌دا مامه‌ڵه‌یان پێده‌كرێت، پشكی 182 كۆمپانیا دابه‌زینی به‌خۆوه‌ بینیوه‌. پاشان بازاڕه‌كه‌ تووشی زیان بوو وه ئاڵوگۆڕ به‌ رێژه‌ی 4% كه‌مبووه‌وه‌.
 
ئه‌م دابه‌زینه‌ ئابوورییه‌ له‌ ساڵانی دوایی سعودیه‌دا بێوێنه‌یه‌ و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه‌ كه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمانی جێنشینى سعودیه‌ له‌چوارچێوه‌ی چاكسازیی ئابووریدا هه‌وڵی بۆ داوه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ سعودیه‌ راگه‌یه‌نراوێك بڵاوبكاته‌وه‌ كه‌ تیایدا هه‌ڕه‌شه‌ی كاردانه‌وه‌ی به‌هێز ده‌كات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "شانشینی سعودیه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك و هه‌موو هه‌وڵێك بۆ لاوازكردنی به‌ ته‌واوه‌تی ره‌تده‌كاته‌وه‌، چ له‌ رێگه‌ی ئابڵوقه‌ی ئابوورییه‌وه‌ بێت یان فشاری سیاسی یاخود به‌رده‌وامیدان بێت به‌ تۆمه‌ته‌ ناڕاسته‌كان".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "شانشینی سعودیه‌ جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی له‌به‌رامبه‌ردا بنوێنرێت، به‌ كرده‌وه‌ی به‌هێزتر وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure