ئایا "چاكسازیكاره‌ مه‌زنه‌كه‌ى سعودیه‌" ده‌توانێت مه‌رگی ناو كونسڵخانه‌كه‌ تێپه‌ڕێنێت؟

هەواڵ / جیهان :: 14/10/2018‌ :: 776‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
دیارنه‌مانی جه‌مال خاشقچی، رۆژنامه‌نووس له‌ كونسڵخانه‌ی سعودیه‌ له‌ ئیستانبوڵ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی متمانه‌ی سعودیه‌ له‌لای به‌شێك له‌ هاوپه‌یمانه‌ نزیكه‌كانیشی بكه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.


دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كاتێك محه‌مه‌د بن سه‌لمان كه‌ جێگری جێنشینى سعودیه‌ بوو وه‌ چاوی به‌ به‌رپرسانی باڵای بریتانیا كه‌وتبوو، سه‌رسامیی خۆی به‌ ڤلادیمیر پوتینی سه‌رۆكی روسیا نیشاندابوو به‌تایبه‌تی به‌وه‌ی كه‌ چۆن ده‌توانێت ئه‌و كارانه‌ی بۆ بچێته‌سه‌ر كه‌ ئه‌نجامیان ده‌دات.

ئێستا كه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان بووه‌ته‌ جێنشینى سعودیه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ به‌ده‌سه‌ڵاتترین كه‌سانی جیهان له‌و ته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌یدا تۆمه‌تباره‌ به‌وه‌ی كه‌ به‌ فه‌رمانی ئه‌و جه‌مال خاشقچی، رۆژنامه‌نووس به‌و شێوه‌ دڕندانه‌یه‌ له‌ناوبراوه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ كوشتنه‌كه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خاكی سعودیه‌ ئه‌نجامدراوه‌. 

ئه‌گه‌رچی كرده‌وه‌ی له‌مجۆره‌ بۆ سعودیه‌ نوێیه‌، به‌ڵام ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی له‌مجۆره‌ له‌لای روسه‌كان پێشینه‌ی هه‌یه‌.

ئه‌فسه‌رانی هه‌واڵگریی توركیا به‌ هاوتاكانی خۆیان سه‌ر به‌ (سی ئای ئه‌ی) راگه‌یاندووه‌: كه‌ تۆماری ده‌نگی و به‌شێك له‌ ڤیدیۆی ئه‌و ساته‌یان له‌به‌رده‌ستدایه‌ كه‌ خاشقچی ده‌كوژرێت. 

تۆماره‌كه‌ش له‌ رێگه‌ی كاتژمێری ئه‌پڵه‌كه‌ی ده‌ستی خاشقچییه‌وه‌ گیراوه‌ كه‌ به‌ مۆبایله‌ ئایفۆنه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ستراوه‌ و له‌وكاته‌دا له‌لای ده‌ستگیرانه‌كه‌ی بووه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی كونسڵخانه‌كه‌ چاوه‌ڕێی كردوه‌. 

ئه‌گه‌رچی تۆماری چوونه‌ژووره‌وه‌ی خاشقچی بۆ ناو باڵه‌خانه‌كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی سعودیه‌ هێشتا نه‌یانتوانیوه‌ به‌ڵگه‌ی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی خاشقچی بۆ ده‌ره‌وه‌ی كونسڵخانه‌كه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌. 

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن سه‌لماندا هه‌بوو، ئێستا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ربكه‌وێت خاشقچی له‌ كونسڵخانه‌ی سعودیه‌دا كوژراوه‌ "سزای توند" به‌سه‌ر سعودیه‌دا ده‌سه‌پێنێت. 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تره‌مپ دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی به‌هێزه‌ دژی ئێران. تائێستا واپێده‌چێت كه‌ به‌لای سه‌رۆكی ئه‌مریكاوه‌ ئه‌م تۆمه‌تانه‌ هۆكاری ناڕه‌حه‌تین، به‌ڵام گۆڕانكاریی گه‌وره‌ دروستناكه‌ن.

كاربه‌ده‌ستانی سعودیه‌ له‌ وه‌ڵامی ئه‌م تۆمه‌تانه‌دا رایانگه‌یاندووه‌: كه‌ ئه‌مه‌ پیلانگێڕییه‌كی نێوان توركیا و قه‌ته‌ره‌ دژی سعودیه‌ و جۆن بۆڵتنی راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكاش ئه‌مجۆره‌ پیلانگێڕییه‌ی سه‌لماندووه‌ و رایگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌هۆی ململانێی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و ریاز ده‌شێت شتی وه‌ها رووبدات.

توركیا ئه‌گه‌رچی به‌ڵگه‌ی ده‌نگیی و ڤیدیۆیی ئه‌م كوشتنه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه‌، به‌ڵام هێشتا بڵاوی نه‌كردونه‌ته‌وه‌ و بۆ رێگه‌یه‌كی ده‌ربازبوونی سیاسیی له‌م كێشه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێت، چونكه‌ نایه‌وێت ئه‌و بڕه‌ گه‌وره‌یه‌ی بازرگانی و وه‌به‌رهێنانه‌ی سعودیه‌ له‌ده‌ستبدات.

به‌ڵام سعودیه‌ تووشی كێشه‌ی هه‌نوكه‌یی تر بووه‌ته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی پێده‌چێت ئه‌و كۆنفرانسی وه‌به‌رهێنانه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ بڕیاره‌ 23ی تشرینی یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌بچێت له‌لایه‌ن كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و گه‌وره‌ كۆمپانیاكانه‌وه‌ بایكۆت بكرێت.

كاربه‌ده‌سته‌ بریتانییه‌كه‌ی كه‌ له‌ ساڵی 2016 دا چاوی به‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان كه‌وتبوو ده‌ڵێت: "محه‌مه‌د بن سه‌لمان تووشی سه‌رسوڕمان بووه‌ كه‌ بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ له‌ ناوه‌وه‌ی سعودیه‌ ده‌سه‌ڵاتی ره‌های هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی سعودیه‌ بێده‌سه‌ڵاته‌، وه‌كو چۆن پوتین له‌ناوه‌وه‌ی روسیا ده‌سه‌ڵاتی ره‌های هه‌یه‌ و له‌ شانشینی یه‌كگرتوو بێده‌سه‌ڵاته‌، وه‌ ئه‌گه‌ر محه‌مه‌د بن سه‌لمان ئه‌م رووداوه‌ی بۆ بچێته‌سه‌ر، ئه‌وا قه‌رزداری توركیا ده‌بێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure