ئه‌و سندوقانه‌ى قردێله‌ى سووریان لێدراوه‌ ده‌كرێنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 14/10/2018‌ :: 395‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران راده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14ى تشرینى یه‌كه‌م له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ته‌وه‌ ده‌ستده‌كرێت به‌ كردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ئه‌و سندوقانه‌ى قردێله‌ى سووریان لێدراوه‌.

شێروان زار، وته‌بێژى كۆمسیاران به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: سه‌رجه‌م ئه‌و سندوقانه‌ى قردێله‌ى سووریان لێدراوه‌، ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان 228 سندوقه‌ و نزیكه‌ى به‌هاى چوار كورسى، ده‌نگیان تێدایه‌.

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ده‌نگى سندووقه‌كانى هه‌ژمار ده‌كرێت، شێروان زار وتى: "لێژنه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ دروستكراوه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌نگى ئه‌و سندوقانه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ سه‌رجه‌م ده‌نگه‌كانى ناو سندوقه‌كان پوچه‌ڵ بكرێنه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ندێك له‌ سندوقه‌كانى كێشه‌ى زۆر گه‌وره‌ى نییه‌".

له‌كۆى هه‌زار و 45 سكاڵا كه‌ له‌لایه‌ن قه‌واره‌كانى به‌شداربووى هه‌ڵبژاردنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان، زۆربه‌ى سكاڵاكان یه‌كلایى كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كۆمسیۆن هیچ كاتێك بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ى ئه‌و سندوقانه‌ى قردێڵه‌ى سووریان له‌سه‌ر، دیارى ناكات.

شه‌وى 4ى تشرینى یه‌كه‌م، كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم ئه‌نجامى 85%ى ده‌نگه‌كانى ئاشكراكرد، به‌ڵام تائێستا هیچ كاتێك بۆ ئه‌نجامى كۆتایى هه‌ڵبژاردن دیارینه‌كراوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure