"هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەستەمە"

هەواڵ / کوردستان :: 14/10/2018‌ :: 575‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە "موستەحیل" دەزانێت و داوا لە پەرلەمانی كوردستانیش دەكات یاساكەیان بۆ هەموار بكاتەوە.


ئەنوەر تاهیر، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان موستەحیلە و ئەنجومەنی وەزیران نایەوێت بكرێت، بۆ بەردەوامبوونی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكانیش دەبێت پەرلەمانی كوردستان یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان هەموار بكاتەوە.

ناوبراو وتی: "بە نوسراوی فەرمی داوای روونكردنەوەمان سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە، تا یاسای ئەنجومەنیش هەموار نەكرێتەوە، ناتوانین كۆبوونەوەی ئەنجومەن بكەین و بڕیارەكانیشمان هێزی یاساییان نابێت".

رۆژی 24-6-2018 ماوەی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆتایی هات كە چوار ساڵە لە كاردان، بەپێی یاساش دەبوو لەو بەروارە تا 24-9-2018 كاتی هەڵبژاردنیان بۆ دیاری بكرێت.

پێشتر سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەنوسراوی ژمارە 4414 رۆژی 6-9-2018 بەواژۆی د.ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران كە ئاڕاستەی وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردبوو و وێنەی دەست دواڕۆژ كەوتبوو، ماوەی 30 رۆژ كاركردنی درێژكردنەوە.

لەو نوسراوەدا هاتبوو "نووسراوتان ژمارە 20-2174 لە 16-8-2018، دەربارەی ئامادەكردنی راپۆرتێك سەبارەت بە هەردوو (یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنەكانی پارێزگاكان و قەزا و ناحیەكان ژمارە (4) و (یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (3)ی ساڵی 2009، ئاگادارتان دەكەینەوە بە درێژكردنەوەی ماوەی رێپێدراو بۆ (30)رۆژی كار لەرێكەوتی گەیشتنی ئەم نووسراوی درێژكردنەوەیە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure