نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەكگرتوو لەسەر ئۆپۆزسیۆن بوون رای جیاوازیان هەیە

هەواڵ / کوردستان :: 14/10/2018‌ :: 263‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەرپرسێكی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت: لەگەڵ یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی گفتوگۆی سەرەتاییان بۆ كاری پێكەوەیی دەستپێكردووە، سەركردەیەكی یەكگرتوو دەڵێت: "بۆ كاری پێكەوەیی چاوەڕێی راپرسی حیزب و بڕیاری سەركردایەتین"، سەركردەیەكی كۆمەڵیش رایدەگەیەنێت: ئەگەر چوار لایەنەكە پێكەوە نەبن، شكست دێنن.


لە چەند رۆژی رابردوودا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەردانی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كرد، بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژیش، مەبەستی سەردانەكان بۆ كاری پێكەوەییە وەكو ئۆپۆزسیۆن لە داهاتوودا.

ئارام سەعید، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: لەگەڵ یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی گفتوگۆی سەرەتاییان بۆ كاری پێكەوەیی دەستپێكردوە، سەبارەت بەو دوو حیزبەش بۆ كاری هاوبەش، ناوبراو وتی: "تائێستا پێمانباشە كاری پێكەوەیی بكەین".

شێركۆ جەودەت، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی بە دواڕۆژی راگەیاند: بۆ كاری پێكەوەیی، ئەوان چاوەڕوانی دەرەنجامی هەڵبژاردنن لەگەڵ ئەو راپرسییەی دەستیانپێكردووە لەنێو حیزبدا بۆ بەشداری داهاتووی سیاسییان كە ئایا بەشداری پەرلەمان و حكومەت بكەن یان ببنە ئۆپۆزسیۆن یان بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی بكەن.

ناوبراو وتی: "چاوەڕوانی یەكلاییبوونەوەی ئەو دوو پرسەین و پاشان سەركردایەتی بڕیاری كۆتایی دەدات، ئەو وەڵامەشمان بە نەوەی نوێ وتووە".

مەڕوان گەڵاڵی، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: ئۆپۆزسیۆن پێویستییە، بۆیە دەبێت بەیەكەوە بەرەیەكی بەهێز دروستبكەین، چونكە هەر لایەنێك بەتەنها رووبەڕووی پارتی و یەكێتی ببێتەوە هیچیان پێناكرێت، بەزیادكردنی یەك تا دوو كورسیش هیچ لە هاوكێشەكە ناگۆڕێت.

گەڵاڵی ئاماژەی بەوەكرد: ئەو چوار لایەنە (گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ و نەوەی نوێ) ئەگەر بەرەیەكی زۆر باش و بەهێز دروست نەكەن، پێیوایە بەرامبەر پارتی و یەكێتی شكست دێنن.

بەپێی دەرەنجامی 85%ی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان نەوەی نوێ براوەی چوارەم و كۆمەڵ براوەی پێنجەم و یەكگرتوو شەشەمە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure