ئاواره‌كانی گه‌رمیان كێشه‌یان هه‌یه‌ و ناگه‌ڕێنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 14/10/2018‌ :: 194‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
تاوه‌كو ئێستا له‌سنووری ئەو دوو كەمپەی لەگه‌رمیانن، 37 هه‌زار ئاواره‌ ماونه‌ته‌وه‌ كە به‌هۆی وێرانبوونی ناوچه‌كانیان و كێشه‌ی تایفی و مه‌زهه‌بییەوە تائێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.


بێستون ژاڵه‌یی به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباره‌ مرۆییه‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌كۆی 100هه‌زار ئاواره‌ له‌ سنووری گه‌رمیان، 63 هه‌زاریان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، بەڵام نزیكه‌ی پێنج هه‌زار خێزانیش ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان 37 هه‌زار كه‌سه‌ كە بەشێكیان ئاواره‌ كورده‌كانی خورماتوون.

وتیشی: "ئه‌وانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كانی دیاله‌، بابل، ئه‌نبار و سه‌ڵاحه‌دینن و له‌به‌ر وێرانبوونی ناوچه‌كانیان لەو كەمپانە ماون".


بەوتەی ژاڵەیی، ناحیه‌ی جرف سه‌قه‌ر له‌ بابل به‌ ته‌واوه‌تی وێرانبووه‌، هاوكات له‌به‌ر كێشه‌ی تایفی و مه‌زهه‌بی ئەو ئاوارانە ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان.

له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ئاواره‌كان و ئازادكردنی ناوچه‌كانیان، زۆربه‌ی ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هاوكارییان بۆ كه‌مپه‌كان ڕاگرت و گرێبه‌سته‌كانیان نوێ نه‌كرده‌وه.

بێستون ژاڵه‌یی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ كه‌مپه‌كان گرفتی ته‌ندروستییان هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ ڕێگه‌ی هه‌ندێ ڕێكخراوه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی كاتی چاره‌سه‌ریان كردووه‌. 

هاوكات حكومه‌تی عێراق ئاماده ‌نه‌بوو قوتابخانه‌كان بكاته‌وه‌ و داوای كرد بگه‌ڕێنه‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی یو ئێن و دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران توانیویانه‌ فشار دروست بكه‌ن و قوتابخانه‌كان بكه‌نه‌وه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure