لە بارەی جۆرە شوتییەك هۆشداریی دەدرێت

هەواڵ / ئابوری :: 13/10/2018‌ :: 2388‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن 
ماوەی سێ رۆژە بەده‌یان تەن شوتی خراپ لەوڵاتی ئێرانەوە دەهێنرێتە ناو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و لەوێشەوە هەوڵی بردنی بۆ ناو بازاڕەكانی هەرێم دەدرێت، بەرپرسێكی مەرزەكەش، دەڵێت: "بەهۆی نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما، ئەو شوتیەی هاوردە دەكرێت بەكتریا لێیداوە، داواشدەكات هاوڵاتیان بەوریاییەوە شوتی بكڕن".


بەهێز عەبدوله‌تیف، لێپرسراوی هۆبەی كەرەنتینەی كشتوكاڵی باشماخ، بەدواڕۆژی راگەیاند: دوای لابردنی باج لەسەر بەرهەمی شوتی لەبەرواری 28ی مانگی رابردوو، لەبەر كەمیی بەرهەمەكە لەبازاڕدا، هەروەها راگرتنی بڕیارەكە لەهەمان روژدا، بەهۆی سكاڵای چەند جووتیارێكی سنووری قەزای پێنجوێن، كە هێشتا شوتیان ماوە، بڕیارەكە دواخرا بۆ هەفتەیەكی دواتر".

ناوبراو، وتیشی: "لەئێستاشدا كە باج لەسەر بەرهەمی شوتی هاوردە لابراوە، تێبینی دەكرێت ماوەی سێ رۆژە دیاردەی هاورده‌ى شوتی خراپ لەوڵاتی ئێرانەوە بۆ مەرزی باشماخ دەكرێت و گومانی ئەوەی لێدەكرێت هۆرمۆنی لێدرابێت، بۆ ئەوەی زوو پێبگات و بخرێتە نێو بازاڕەوە، ئەوەش دەبێتەهۆی تێكچوونی تام و رەنگ و بۆنی شوتیەكەو زیاد لە رادەی خۆی پێدەگات و پێش كاتی خۆی لێدەكرێتەوە بو فرۆشتن لەبازاڕدا".

روونیشیكردەوە: "وەك ئاشكرایە بەرەو وەرزی زستان دەڕۆین و دابەزینی پلەی گەرما دەبێتەهۆی خراپبوونی شوتیەكەو چەندین جۆر بەكتریا دروستدەكات، بۆیە ئەو كەسانەی شوتی ئێرانی دەكڕن لەبازاڕدا پێویستە ئاگاداری ئەم حاڵەتانە بن".

وتیشى: "ئەمە ئەوە نییە كە هەموو شوتی ئێرانی خراپ بێت، بەڵام لەم ماوەیەدا، بڕی 10 تەن و 10 كیلۆگرام لەشوتی ئێرانی ئەو حاڵەتەی لەسەر بینراوە و هۆرمۆنی گەشەپێكردنی لێدراوە و نزیكەی 500 كیلۆگرامی تریش لەباشماخ لەناوبراوە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure