دژی رەگەزپەرستی خۆپیشاندانێكی فراوان ئەڵمانیای گرتەوە

هەواڵ / جیهان :: 13/10/2018‌ :: 160‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی رەگەزپەرستی و پۆپۆلیستی و بەمەبەستی پشتگیریكردن لە پەنابەر و رزگاركردنی كۆچبەران لە دەریای سپی-دا، رۆژی شەممە 13ی تشرینی یەكەم، دەیان هەزار كەس خۆپیشاندانێكی فراوانیان لەشاری بەرلین-ی پایتەختی ئەڵمانیا رێكخست.


رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە دەڵێن: "نزیكەی 40 هەزار كەس ناوی خۆیان تۆماركردبوو و ئامادەیی خۆیان دەربڕیبوو بۆ بەشداربوون لەم خۆپیشاندانەدا، بەڵام نزیكەی 150 هەزار خۆپیشاندەر كۆبوونەتەوە و دروشمی "لەپێناو كۆمەڵگەیەكی كراوە و ئازاد-دا هاوكاریمان دەوێت نەك پەراوێزخستن" دەڵێنەوە. 

خۆپیشاندەران لافیتە و میزەڵدانی گەورەیان بەدەستەوە بووە و لەسەریان نووسراوە "نەخێر بۆ جیاكاریی موسڵمانان" "رەگەزپەرستی جێگرەوە نییە و چارەسەری كێشەكان ناكات".

چەندین هونەرمەند و میدیاكار و نووسەر و كەسایەتیی بەناوبانگی ئەڵمانی، بەشداریی خۆپیشاندانەكەیان كردووە و ناڕەزایەتی توندی خۆیان لەدژی نەتەوەپەرست و راستڕەوە پۆپۆلیستەكان دەربڕیوە و داوای یەكێتی گەل و كۆمەڵگەی ئەڵمانی دەكەن نەك جیاكردنەوە و پەراوێزخستن لەسەر بنەماكانی ئایین و رەچەڵەك و رەنگ و دەوڵەمەندی و هەژاری.


یەكێك لەبەشداربوانی خۆپیشاندانەكە، هایكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بوو كە سەر بە پارتی سوسیال دیموكراتی ئەڵمانیایە و هەموو پشتیوانییەكی حزبەكەی بۆ داوای رەوای خۆپیشاندەران دووپات كردووەتەوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure