نرخی گۆشتی مریشك تا ئەم وادەیە دانابەزێت

هەواڵ / ئابوری :: 14/10/2018‌ :: 8577‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
لەماوەی ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا لە ھەرێمی کوردستان نرخی گۆشتی مریشک لە ھەزار و 800 دیناره‌وه‌ به‌رزبووەته‌وه‌ بۆ سێ هه‌زارو 600 دینار، به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵێش ده‌ڵێت: "نرخی گۆشتی مریشك تا سه‌ره‌تایی مانگی داهاتوو دانا‌به‌زێت". 


د. جەمال ئاکرەیی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڤێتەرنەری ھەرێمی کوردستان بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: لەماوەی ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا نرخی مریشک بە شێوەیەکی خێرا بەرزبووەتەوه‌، به‌ جۆرێك له‌ ھەزارو 800 دینارەوە، بووەته‌ سێ ھەزارو 600 دینار.

له‌باره‌ی هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخەكەشیەوە، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڤێته‌رنه‌ری وتی: "له هه‌رێمی كوردستان كێڵگه‌ی به‌خێوكردنی په‌له‌وه‌ر كه‌مه ‌و بەشی ئه‌وه‌‌ ناكات پێداویستی ناوخۆ پڕبكاته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ به‌رده‌وام گۆشتی مریشكی به‌ستوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هاورده‌ ده‌كرێت".  

روونیشیكرده‌وه‌: لەچەند مانگی ڕابردوودا مریشکێکی زۆر هێنراوه‌ته‌ بازاڕه‌وه‌و به‌ نرخێكی ھەرزان فرۆشراون، ئه‌مه‌ش وایكرد مریشک له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێم كه‌مببێته‌وه‌و ئه‌وه‌ی ئێستاش له‌ هه‌ندێ كێڵگه‌ هه‌یه‌ پێداویستی ناوخۆ پڕناكاته‌وه،‌ بۆیه‌ نرخ به‌رزده‌بێته‌وه‌.

ئاكره‌یی ئاماژه‌ی بەوه‌شدا: له‌ ئێستادا لە شاره‌كانی ناوەڕاستی عێڕاق نرخی مریشک بەرزبووەتەوە، ھەرکاتێکیش لەوێ نرخ بەرزبێتەوە لەھەرێمی کوردستانیش بەرزدەبێتەوە.

ناوبراو دڵنیاییشیدا له‌وه‌ی ماوەی بەرزبوونەوەی نرخی مریشک لەم مانگە زیاتر تێناپەریت و له‌ مانگی داهاتوو دابه‌زین به‌خۆیەوه‌ ده‌بینێت. 

ساڵانه‌ هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ 250 هه‌زار تەن گۆشتی مریشك هه‌یه‌، له‌و رێژه‌یه‌ش نزیكه‌ی 80 هه‌زار تەن له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure