هه‌ڵه‌بجه‌: خوێنه‌ران ئاڵوگۆڕ به‌ سێ هه‌زار كتێب ده‌كه‌ن

هەواڵ / که‌لتور :: 13/10/2018‌ :: 197‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
 سێیه‌م پێشانگاى ئاڵوگۆڕى كتێب له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كرایه‌وه‌ و بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ زیاد له‌ سێ هه‌زار كتێب ئاڵوگۆڕیان پێبكرێت و هه‌ر خوێنه‌رێكیش دوو كتێب به‌ دیارى وه‌رده‌گرێت.


پێشانگاكه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتى سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ هه‌مانگى له‌گه‌ڵ كتێبخانه‌ى هه‌ژار موكریانى و ژماره‌یه‌ك له‌ رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى كرایه‌وه‌.

ئه‌رسه‌لان عابید، سه‌رپه‌رشتیارى پێشانگاكه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستى ره‌خساندنى هه‌لى زیاتر بۆ خوێنه‌رانى شار، وه‌ك نه‌ریتێكى ساڵانه‌ بڕیارماندا كه‌ بۆ سێیه‌م ساڵ (پێشانگاى ئاڵوگۆڕى كتێب) له‌ باخى گشتى هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ینه‌وه‌، به‌جۆرێك هه‌ر خوێنه‌رێك ده‌توانێت ئه‌و كتێبانه‌ى كه‌ هى خۆیه‌تى و خوێندونییه‌ییه‌وه‌ ده‌توانێت له‌ پێشانگاكه‌ داینێت و كتێبى نوێ وه‌ربگرێت.

وتیشى: "ئه‌مڕۆ سێ هه‌زار سه‌رچاوه‌ و كتێبى جۆراوجۆرمان نمایشكردووه‌، هه‌ر كه‌سێكیش سه‌ردانى پێشانگاكه‌ بكات و كتێبى پێنه‌بێت دایبنێت، ئه‌وا ده‌توانێت دوو كتێب به‌ دیارى وه‌ربگرێت، ئه‌مه‌ش له‌پێناو ره‌خساندنى هه‌لى زیاتر بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ شه‌یداى خوێندنه‌وه‌ن، به‌ڵام بارى داراییان رێگه‌یان پێنادات كتێب بكڕن".

ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره‌ ئه‌وه‌شى وت: پێشانگاكه‌ تا ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامى ده‌بێت و هه‌موو چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان ده‌توانن سه‌ردانیان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكى باشى بۆ خوێنه‌رانى شار ره‌خساندووه‌ كه‌ بتوانن جارێكى تر كتیبخانه‌كانیان به‌ كتێب و سه‌رچاوه‌ى نوێ نۆژه‌ن بكه‌نه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure