دیارنەمانی خاشقچی خێری توركیای تێدایە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/10/2018‌ :: 1313‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی گوشارە سیاسی و ئابوورییەكان كە بەهۆی دیارنەمانە گوماناوییەكەی جەمال خاشقچی كەوتوونەتە سەر سعودییە، ئێستا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەڕواڵەت وانیشان دەدەن كە هاوكاریی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە دەكەن بێ ئەوەی بە كردەوە هیچ بەرەوپێشچوونێك رووبدات و مەسەلەكەیش بۆیە بەو جۆرەیە، چونكە سعودییە دەترسێت راستییەكان دەربكەون.

 

هاوكارییە رووكەشەكانی سعودییە لەو بابەتەدا بریتییە لە بەشداریكردنی لەو لێكۆڵینەوانەی كە ماوەی 12 رۆژە ئەنقەرە سەرقاڵییەتی لەكاتێكدا كە كاربەدەستە توركەكان بە شێوەیەكی بەرنامەداڕێژراو وای رادەگەیەنن كە ئەنقەرە هەموو راستییەكانی لایە سەبارەت بە چارەنووسی خاشقچی، بەڵام بێ ئەوەی توركیا بە فەرمی سعودییە تاوانبار بكات بە كوشتنی ناوبراو. ئەمەش پێچەوانەیەكی ئاشكرای دەرەنجامی ئەو لێكۆڵینەوانەیە كە بەردەوام ئاشكرا دەكرێن و بۆنی ئەوەی لێدێت توركیا ئەو مەسەلەیە وەكو كارتێكی گوشاری سیاسیی بەكاردەهێنێت دژی ڕیاز.

 

لەچوارچێوەی هاوكارییەكانی سعوودییە لەگەڵ توركیادا، رەوانەكردنی یانزە كەسە بۆ كونسڵخانەی سعودییە لە ئەستەنبوڵ بۆ بەشداریكردن لە لێكۆڵینەوەكاندا. 


هەروەها بڕیار وایە وەفدە سعودییەكە لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا كۆبوونەوە بكات لەگەڵ چەند كاربەدەستێكی توركیادا، بەڵام تاكو ئێستا ئەو نیازپاكییەی ریاز بۆ هاوكاریكردن بە كردەوە نەسەلمێندراوە، چونكە هێشتا لێكۆڵەرەوە توركەكان رێگەیان پێنەدراوە لە بارەگای كونسڵخانەكەدا بەدوای چارەنووسی خاشقچی-دا بگەڕێن یاخود ماڵی كونسڵی سعودییە بگەڕێن كە گومان دەكرێت تەرمی خاشقچی تێدابێت. 

 

هەرچەندە سعودییە رازیبوونی خۆی ئاشكراكردووە كە دەسەڵاتدارەكانی توركیا كونسڵخانەكەیان لە ئەستەمبوڵ بپشكنن، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامەكانی توركیا لێكۆڵینەوەكە تەنها تەماشاكردنێكی رووكەش بووە. ئەمەش مایەی رازینەبوونی لایەنی توركیایە كە دەیەوێت بە كەرەستەی پێشكەوتوو بەدوای شوێنەواری خوێندا بگەڕێت بە تایبەت كە پۆلیسی توركیا گومانی هەیە خاشقچی لەناو كونسڵخانەكەدا لەناوبرابێت لەلایەن تیمێكی سعودییەوە كە بە تایبەت بۆ ئەو مەبەستە نێردراون بۆ ئەستەنبوڵ.

 

بڵاوبوونەوەی زانیاری و راپۆرتی جۆراوجۆری دژ بە یەك لەسەر دیارنەمانی جەمال خاشقچی بەڵگەی ئەوەن كە حكومەتی ئەنقەرە دەیەوێت مەسەلەكە سەرمایەگوزاری بكات بۆ كۆمەڵێك مەبەستی سیاسی و ئابووری.

 

هەرچەندە هەتا ئێستا وڵاتانی خۆرئاوا هیچ رێكارێكی سیاسی و ئابوورییان دژی سعودییە نەگگرتووەتەبەر، بەڵام ئەو قەیرانە كۆمەڵێك پرۆژەی گەورەی ئابووری محەمەد بن سەلمان-ی خستووەتە بەر هەڕەشەی جدیی، بۆ نموونە پڕۆژە ئابوورییەكانی (نیۆم) كە نیو ترلیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكراوە، بەڵام لەسەر ئەو مەسەلەیە كۆمەڵێك كەسایەتی لە بوارەكانی ئابووری و وەبەرهێناندا بایكۆتی رۆڵی راوێژكاریی خۆیان لەو پرۆژەیەدا راگەیاندووە. ئەمە جگە لە كۆمەڵێك پرۆژەی دیكەی ئابووری، هەروەها وا پێدەچێت كە مەسەلەكەی خاشقچی ببێتە رێگر لەبەردەم بن سەلمان كە دەیەوێت سەرمایەی بیانی و ناوخۆیی بۆ ستراتیجیە ئابوورییەكەی رابكێشێت. لەم رووەوە دەیان كۆمپانیا و كەسایەتی ناودار رایانگەیاند كە لە كۆنگرە چاوەڕوانكراوەكەی 23ی ئەم مانگەی ریاز بەشداریی ناكەن. هەر لەم چوارچێوەیەدا ژمارەیەك كۆمپانیا و وەبەرهێنەری گەورەی دیكە، گرێبەستەكانیان لەگەڵ سعودییەدا هەڵوەشاندەوە، لەوانە كۆمپانیای هاربەر گرووپ و ڤێرژن گرووپی ئەمریكی. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure