"لە بودجەی 2019-دا وەکو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە ناکرێت"

هەواڵ / کوردستان :: 12/10/2018‌ :: 722‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
لەبودجەی ساڵی 2019-دا، حکومەتی عێراق پشکی هەڵەبجەی وەکو پارێزگایەکی سەربەخۆ دیارینەکردووە، ئەندام پەرلەمانێکیش رایدەگەینێت: ئه‌ركى حكومه‌تى هه‌رێمه‌ نه‌هێڵێت ئه‌و سته‌مه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ تێپه‌ڕێت.


ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، ئه‌ندامان پەرلەمانی عێراق، به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: جۆرێك له‌ دووفاقى له‌ لایه‌ن حكومه‌تى عێراقییه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دیده‌كه‌ین، چونكه‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ وه‌ك پارێزگا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌دا كردووه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانى كردۆته‌وه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تى دارایى له‌ پڕۆژه‌ بودجه‌ی ساڵی 2019ی عێراقدا، هه‌ڵه‌بجه‌ى وه‌ك پارێزگا نه‌ناسندووه‌.

وتیشی: "هێشتا ورده‌كارى بودجه‌ى 2019ى عێراقمان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ رۆشن بۆته‌وه‌ كه‌ پشكى هه‌رێمى كوردستان سه‌رجه‌مى به‌یه‌كه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ كراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى دانیشتووانى پارێزگاكانى هه‌رێم، بۆیه‌ یه‌ك ده‌نگى كوتله‌ كوردستانییه‌كان له‌م باره‌یه‌وه‌ زۆر گرنگه‌".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌مساڵ ئه‌و سته‌مه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ تێنه‌په‌ڕێت و مامه‌ڵه‌ى پارێزگاى له‌گه‌ڵدا بكرێت، ده‌بێت به‌زووترین كات حكومه‌تى هه‌رێم شاندێك ره‌وانه‌ى به‌غدا بكات بۆئه‌وه‌ى ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌كلابكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ حكومه‌تى عێراق بۆخۆى دانى به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پارێزگایه‌كى سه‌ربه‌خۆیه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure