داعش كەوتۆتە لەسێدارەدانی چەكدارانی خۆی

هەواڵ / جیهان :: 11/10/2018‌ :: 225‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ:

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11ى تشرینى یه‌كه‌م، ڕۆژنامه‌ی "ده‌یی مه‌یڵ"ی بریتانی بڵاویكرده‌وه‌، به‌ فه‌رمانى خه‌لیفه‌ى داعش و بەتۆمەتی "ناپاكى" بڕیاری له‌ سێداره‌دانی بۆ 320 چه‌كداری خۆی ده‌ركردووه‌.

به‌پێى راپۆرتى ڕۆژنامه‌كه‌، ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ عێراق و شام ناسراو به‌ (داعش)، 90%ی ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2014 و پاش راگه‌یاندنى خۆى ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتبوون، به‌هۆی ئه‌م شكسته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كانه‌شییه‌وه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى، خه‌لیفه‌ى داعش بڕیاری له‌ سێداره‌دانی بۆ 320 چه‌كداری خۆى ده‌ركردووه‌ كه‌ تیایاندا چه‌ند سەرکردەیەکی پله‌به‌رز هه‌ن له‌وانه‌ش: ئه‌بو به‌را ئه‌نساری، سه‌یفه‌دین عێراقی، ئه‌بو عسام ته‌له‌عفه‌ری، ئه‌بو ئیمان موحه‌مەد و مه‌روان حه‌دید سوه‌ری.

له‌باره‌ى هۆكارى له‌سێداره‌دانى ئه‌م چه‌كدارانه‌وه‌ ده‌یلى مه‌یڵ ئاشكرایكردووه‌، به‌غدادى تۆمه‌تى ناپاكى خستووه‌ته‌ پاڵ سه‌رجه‌میان، له‌به‌رئه‌وه‌ فه‌رمانى كردووه‌ هه‌موویان له‌سێداره‌ بدرێن.

ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌یدا ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، چه‌ندین چه‌كداری تری داعش هه‌ڵهاتوون بۆ شوێنی نه‌زانراو له‌ ترسی بڕیاره‌كانی به‌غدادی، مانگی ئابی ڕابردووش به‌غدادی فه‌رمانی به‌ شوێنكه‌وتووه‌كانی كرد بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانی داعش جا له‌ هه‌ر شوێنێك بن. 

ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ته‌نیا یه‌كجار ده‌ركه‌وت له‌ ساڵی 2014 له‌ دوای ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی شاری موسڵ له‌ باكوری عێراق.

و: كێوان ئاوات



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure