خاڵێكى گومرگى نوێ دانراوە زیان بە بازرگانان دەگەیەنێت

هەواڵ / ئابوری :: 11/10/2018‌ :: 1080‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا
ده‌سته‌ى گشتى گومرگى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى دارایى عێراق خاڵێكى گومرگى له‌ نێوان پارێزگاى دهۆك و موسڵ داناوە، سه‌رۆكى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیى دهۆكیش ده‌ڵێت: "ئه‌م خاڵى گومرگییه‌ زیان به‌ بازرگانان ده‌گه‌یه‌نێت".


ئه‌یاد حه‌سه‌ن، سه‌رۆكى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیى دهۆك به‌ دواڕۆژ راگه‌یاند: وه‌زاره‌تى دارایى عێراق له‌ رێگاى ده‌سته‌ى گشتى گومرگ له‌ نزیك ناحیه‌ى فایده‌ له‌ نێوان شارى دهۆك و موسڵ خاڵێكى گومرگى داناوه‌و باجى گومرگى له‌ بازرگانان وه‌رده‌گرن، به‌مه‌ش جارێك له‌ ئیبراهیم خه‌لیل و جارى دووه‌م له‌ ناحیه‌ى فایده‌ گومرگ ده‌ده‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ش زیان به‌ ئه‌وان ده‌گه‌یه‌نێت".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: موسڵ پێویستى به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌و ئه‌وه‌ش هه‌لێكى باشه‌ بۆ بازرگانانى هه‌رێم و تایبه‌ت دهۆك كه‌ بتوانن كه‌ره‌سته‌كانیانى تێدا ساغ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌ دووجار گومرگدان زیان به‌وان و خه‌ڵكى موسڵیش ده‌گات، چونكه‌ بازرگانشى ناچار ده‌بن نرخه‌كانیان به‌رزبكه‌نه‌وه‌، به‌مه‌ش فرۆشیان كه‌مده‌بێته‌وه‌ ".

رونیكرده‌وه‌: به‌پێى یاساى گومرگ، نابێت له‌ نێوان پارێزگاكان گومرگ هه‌بێت، به‌ڵكو ته‌نیا له‌ نێوان عێراق و وڵاتێكى دراوسێ گومرگ هه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌و خاڵه‌ گومرگییه‌ له‌ نێوان موسڵ دانراوه‌ نایاساییه‌ ".

وتیشى "له‌سه‌ر ئاستى باڵا لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێم و عێراق له‌و بابه‌ته‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌و داوامان لێكردون ئه‌و خاڵه‌ گومرگییه‌ هه‌ڵبگرن، چونكه‌ زیان به‌ بازرگانان و خودى خه‌ڵكى موسڵ ده‌گه‌یه‌نێت".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: به‌ بۆچوونى ئێمه‌ ئه‌م كاره‌ى ده‌سته‌ى گشتى گومرگى عێراق شه‌ڕێكى ئابوورییه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم و تایبه‌ت پارێزگاى دهۆك، بۆ ئه‌وه‌ى بازرگانان به‌ ئاسانى کارەكانیان نه‌كه‌ن و ناچار بكرێن كاڵاكانیان بۆ گومرگه‌كانى شاره‌كانى خواروى عێراق و به‌سرا ببه‌ن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure