شه‌ڕی ئیدلب نزیكده‌بێته‌وه‌و هاوپه‌یمانه‌كانی سوریا سوپا ماندووه‌كه‌ی ئه‌سه‌د جێدێڵن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 176‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
پاش حەوت ساڵی دژوار و تاقەتپڕوکێن، ئێستا دەتوانین بڵێین بەشار ئەسەد بەتەواوی لە سەرکەوتنی یەکجارەکی نزیکبووه‌تەوە. تەنیا یەک پارێزگای‌ تر ماوە تا ئەسەد دیسانەوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو وڵاتدا (جگە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان) بسەپینێت، بەڵام لەم دۆخەدا و لەکاتێکدا کە هاوپەیمانە ڕوس و ئێرانییەکانی ئەو لە دوا قۆناغەکانی شەڕ دەکشێنەوە، سوپایەک بەجێدەهێڵن کە بە تەنیایی گەلێ لاوازە بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجە سەرەکییەکە.

ڕژیمی سوریا دەڵێت ئاگربەستی جێبەجێکراو لە دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەرهەڵستکارەکان لە شاری ئدلیب تەنیا کردارێکی کاتییە بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل. بەڵام لەلایەکی ‌ترەوە هەڵکردنی ئاڵای ئەم شەڕە مەزنە، بەبێ یارمەتیی هێزی ئاسمانی ڕوسیا و ئەو میلیشیایانەی کە لەسەر زەوی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن - واتە ئەو دوو لایەنەی کە بۆ بەشداربوون لەم شەڕەدا تووشی ڕاڕایی بوون – بۆ سوپایەک کە لە هەر کاتێکی‌ تر لاوازتر و بێ ‌ورەترە، زۆر لە ڕابردوو ترسناکتر دێتەبەرچاو. کوژراوەکانی شەڕ و سەربازە ڕاکردووەکان و ئەو گەنجانەی کە خۆیان لە سوپا دوورڕادەگرن، گورزێکی بەهێزە بەر جەستەی سوپای سوریا کەوتووە. بە پێچەوانەی زۆرینەی ئاگربەستەکانی ڕابردوو کە لەلایەن هێزەکانی ئەسەدەوە پێشێلدەکران، پێدەچێت ئەمجارەیان ئەسەد زیاتر لە هەرکاتێکی ‌تر و زیاتر لە بەرهەڵستکارەکانی پێویستی بە مانەوەی ئەم ئاگربەستە هەبێت، لانی کەم تا کاتێک کە بتوانێ سوپا لاوازەکەی نۆژەن بکاتەوە. 

ناسەرکەوتوویی ڕژیمی سوریا لە ڕاکێشانی هێزی نوێ بۆ ڕێزەکانی سوپاکەی تا ڕادەیەکە کە هاوینی ئەمساڵ و لە بەرەبەرەی شەڕی ئیدلب‌دا، حوکمەت بەبێ ئاگادار کردنەوەی خوێندکارەکان دەستیداوەتە گۆڕانکاری لە یاساکانی پەیوەندیدار بە تاقیکردنەوەکانی زانکۆ بۆئەوەی لەم ڕێگەیەوە خوێندکارە کوڕەکان ڕابکێشێت بۆ ناو سوپا. خوێندکارێکی کچی زانکۆی دیمەشق دەڵێت: 70 لەسەدی 300 خوێندکاری هاوپۆلی ئەو، لە تاقیکردنەوەکاندا دەرنەچوون و زۆرینەی ئەوان بە ئەنقەست ئەمکارەیان کردووە تا بەم شێوەیە کاتی خزمەتی سەربازییان دوا بکەوێت. بەڵام حوکمەت بەبێ ئاگادارکردنەوەی خوێندکارەکان، دەرفەتی ئاسایی بۆ قەرەبووی تاقیکردنەوەکانی هەڵوەشاندووه‌تەوە و لە ئێستادا هاوڕێ کوڕەکانی مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە بانگ بکرێن بۆ خزمەتی سەربازی و ڕەوانەی مەیدانی شەڕی ئیدلب بکرێن.

عەلی تەمەن 23 ساڵ، پاش ئەوەی لە دووەم ساڵی زانکۆ لە تاقیکردنەوەکان دەرنەچوو و ئینجا لە مانگی ڕابردوودا ناوی ھاتەوە بۆ خزمەتی سەربازی، دیمەشقی جێھێشت و لە ڕێگەی سنووری لوبنانەوە خۆی گەیاندە بەیروت. عەلی دەیتوانی بە دانی بڕی 8 ھەزار دولار وەکو غەرامە، خۆی لە خزمەتی سەربازیی دەرباز بکات. بەڵام بنەماڵەکەی توانای دانی ئەم غەرامە قورسەیان نەبوو. ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت:"ژیان لێرەش ئاسان نییە بەڵام لەوە باشترە ساڵانێکی تەمەنم لەناو خوێن و خوێنڕشتندا تێ بپەڕێنم. ئامۆزاکەم 5 ساڵە سەربازە و لەوەناچێ ھەرگیز سەربازییەکەی کۆتایی بێت. سێ جار بەتوندی بریندار بووە و زیاتر لە 50 ھاوڕێ خۆی لەدەستداوە. من وەک ئەو بوێر نیم و ھەر لەبەر ئەمەشە ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ سوریا".

سەرەڕای ئەم شەپۆلە بەربڵاوەی ئەو خوێندکارانەش کەوا ناچارن زانکۆ جێبھێڵن، پێدەچێت شانسی سوپا ماندوو و سواوەکەی بەشار ئەسەد بۆ ئەوەی بتوانێ بەبێ یارمەتی مۆسکۆ و تاران بە خێرایی ئدلیب بگرێتەوە، زۆر لاواز بێت. ھێشتا توانای سوپایەک کە لە خوێندکارەکان و کۆنە یاخییەکان پێکھاتووە تاقینەکراوەتەوە و سەربازە بە ئەزموونەکانیش ئیتر شەکەت بوون. زۆرینەی سەربازەکانی سوپای ئێستا لە ساڵی 2011 و لەکاتی دەسپێکی شەڕی ناوخۆوە وەرگیراون و لەو کاتەوە بێ بڕانەوە لە مەیدانی شەڕدا بوون.

ئەگەرچی بەشار ئەسەد توانی بەرە بەرە کۆنتڕۆڵی وڵات بگرێتەوە دەست، بەڵام لە ئێستادا سوپای ئەو وڵاتە بەسەر ئەو ناوچانەدا بڵاوبوونەتەوە کە پێشتر بەدەست داعش و ھەروەھا ھێزە بەرھەڵستکارەکانی‌ ترەوە بوون و ئەم بابەتەش کاریگەرییەکی نەرێنی بەھێزی لەسەر تۆکمە بوون و ھێزی ئەم سوپایە داناوە. دەگوترێ تەنیا 20 بۆ 25 ھەزار سەرباز ئامادەی شەڕی ئیدلب دەبن کە نزیکەی 70 ھەزار بەرھەڵستکار تێیدا سەنگەریان گرتووە. 

دیپلۆماتێکی ئەوروپی لەم بارەیەوە بەمشێوەیە دەدوێ:"شەڕی ئیدلب شەڕێکی زۆر دژوار دەبێ بۆ رژێمی بەشار ئەسەد. بە ئەگەری زۆرەوە ھێزەکانیان زیانێکی زۆریان بەردەکەوێ، چونکە ھێزە کارامەکانیان نانێرن بۆ ھێڵەکانی پێشەوە. ھەروەھا ئێرانیش لەئاست ئەم شەڕه‌دا خۆی زۆر بە بەرپرس نازانێت". 

لە ئێستادا کە حکومەتی بەشار ئەسەد تا ڕادەیەکی زۆر سەقامگیر بووە، روسیا و ئێران و حیزبوڵـڵای لوبنان، ڕۆڵی مەزنی سەربازیی خۆیان لە شانۆی سوریا بەرەو کۆتایی دەبینن. ھەروەھا ھەرسێکیان لەگەڵ گوشارێکی بەرچاوی ناوخۆیی بەرەوڕون تاوەکو خۆیان پێ دووربخەنەوە لەم کێشمەکێشە خوێناوی و گرانباییەی سوریا. لاوازیی رژیمی ئەسەد بووه‌تە ھۆکار تا بەرھەڵستکارەکان لە ئیدلب بۆ جارێکی‌تر ورەیان بۆ بگەڕێتەوە. 

لەم بارەیەوە مەحمود ئەبی وتەبێژی پۆلیسی ئازادیی ئیدلب دەڵێت:«ئدلیب ئاخر شوێنە کە ھێشتا شۆڕش لەوێ زیندووە. ئێمە شوێنێکی ‌ترمان نییە بۆ ڕۆیشتن. گەر ڕێککەوتنەکان "ئاگربەست" ھەڵیوەشێنەوە، ئێمە بۆ شەڕکردن ئامادەین». 

ئەگەر گروپە ئیسلامییە توندڕەوە چەکدارەکانی ناو ئیدلب، داوای چەکدانان رەتبکەنەوە و ئاگربەستەکە شکست بهێنێت، بە ئەگەری زۆرەوە ھێرشی سوپای سوریا ئیتر ھێز و توانا تاکتیکییەکانی شەڕی حەلەب و غۆتەی دیمەشقی نابێت. ئەم ماندوویی و سواوییەی سوپای سوریا کە ڕۆژانە ڕوو لەزیادبوونە، وادەکات بەشار ئەسەد بەر لەھەر شتێک لەباری ژمارە و بەرزکرنەوەی ورەوە پێویستی بە بووژاندنەوەی ھێزەکانی بێت. 

بۆ ساڵانێکێ زۆر، میدیا حکومییەکان و ناوەندە سیاسی و ئایینییەکانی لایەنگری حوکمەتی ئەسەد خەریکی قێزەونکردنی ئەو ھەزاران پیاوەن کە بۆ خۆدوورخستنەوە لە شەڕ وڵاتیان جێھێشتووە و بە خائینتر لە بەرھەڵستکارە چەکدارەکان ناویان دەبەن. بەڵام هەفتەی ڕابردوو و لە بانگەشەیەکی گشتی سەرسووڕھێنەردا، حکومەتی سوریا ڕایگەیاند کە لە سەرجەم سەربازە ڕاکردووەکان و ھەروەھا گشت ئەو کەسانە خۆشدەبێت کە بە مەبەستی بەشدارینەکردنی شەڕ سوریایان جێھێشتووە، ئەگەر بێت و لە 6 مانگی داھاتوودا بگەڕێنەوە بۆ وڵات. 

ئەم بڕیارە بۆیە دەرکراوە تا بنەماڵە دەوڵەمەندەکان بگەڕێنەوە بۆ ناوخۆی وڵات و تێچووی ئەم گەڕانەوەیەش بدەن ئەگەر تەنانەت مەترسی بەشداربوون لە شەڕیشی بەدواوە بێت. لە ئێستادا کە شەڕ روو لە کۆتاییە، لەوانەیە زۆرێک لەو سورییانەی کە تاسەی ماڵ و حاڵی خۆیان دەکەن ئەم شانسە تاقیبکەنەوە و بگەڕێنەوە بۆ سوریا. 

ھادی کە تەمەنی 25 ساڵە و خوێندکاری زانکۆ بووە و ساڵی ڕابردوو لە لازقییەوە رۆیشتووه‌ بەرەو دەرەوەی وڵات، دەڵێ لەوەناچێت گەڕانەوە بۆ ماڵ، بایی مەترسییەکانی بێت. ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت:«گەر لە ماڵەوە بوومایە، بێگومان ئێستا بردبوویانم بۆ سەربازی. دۆخەکە گەلێ ئاڵۆزە. بەبێ بڕوانامەی زانکۆ و بەبێ پیشە، تەنیا خزمەتی سەربازی و مەرگ چاوەڕێم دەکات».

سه‌رچاوه‌: گاردیان



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure