به‌شێك له‌و سه‌رۆكانه‌ى تووشى نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌ بوون

هەواڵ / جیهان :: 11/10/2018‌ :: 1269‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
بارى ته‌ندروستیى سه‌رۆك و پاشاى وڵاتان، یه‌كێكه‌ له‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ جێى سه‌رنجه‌ و خه‌ڵكێكى زۆر ده‌ورووژێنێت و ده‌یانه‌وێت زانیارییان ده‌رباره‌ى هه‌بێت. ئه‌مه‌یش هه‌روا له‌خۆڕا نییه‌، چونكه‌ نه‌خۆشیه‌ كاریگه‌ر و كوشنده‌كان و ته‌نانه‌ته‌ تێكچوونى بارى ته‌ندروستیى كه‌سانى یه‌كه‌مى ده‌وڵه‌ت كاردانه‌وه‌ى راسته‌وخۆى ده‌بێت له‌ بارى ژیانى هاووڵاتیان و بواره‌كانى سیاسى و ئابورى و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تیش.


لێره‌دا ناو و وێنه‌ى به‌شێك له‌ دیارترین ئه‌و سه‌رۆك و پاشایانه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه‌ تووشى نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌ بوون.

جیمى كارته‌ر، سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان: 

جیمى كارته‌ر سه‌رۆكى پێشووترینى ئه‌مریكا، تووشى نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌ى پێست (میلانۆما) بووبوو. ئه‌مه‌ جۆرێكى ئه‌و نه‌خۆشیه‌یه‌ كه‌ به‌هۆى زۆر مانه‌وه‌ له‌به‌ر تیشكى خۆر و لێدانى له‌ پێست، تووشى مرۆڤ ده‌بێت و دواتر له‌ به‌شێكى مێشك-دا بڵاوده‌بێته‌وه‌. كارته‌ر به‌هۆى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى تیشكیى چڕ بۆ سه‌ر مێشكى چاكبووه‌وه‌ و كه‌وته‌وه‌ ژیانى ئاسایى خۆى، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى نه‌شته‌رگه‌ریى جگه‌ر-ى بۆ كرا، پزیشكه‌كانى بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ شێرپه‌نجه‌كه‌ى سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و به‌ به‌شه‌كانى ترى جه‌سته‌یدا ته‌شه‌نه‌ى كردووه‌.

حسێن بن ته‌ڵاڵ، پاشاى ئوردن:

حسێن بن ته‌ڵاڵ پاشاى پێشووى ئوردن، له‌ ساڵى 1992 دا تووشى شێرپه‌نجه‌ى كۆئه‌ندامى میزه‌ڕۆ بوو. ئه‌گه‌رچى چاره‌سه‌رى زۆرى بۆ وه‌رگرت به‌ڵام حه‌وت ساڵ به‌ نه‌خۆشیه‌كه‌یه‌وه‌ مایه‌وه‌ و سه‌ره‌نجام ساڵى 1999 له‌ ته‌مه‌نى 64 ساڵیدا كوشتى.

حافز ئه‌سه‌د، سه‌رۆكى سوریا:

حافز ئه‌سه‌د سه‌رۆكى پێشووى سوریا، گیرۆده‌ى چه‌ندین نه‌خۆشیى درێژخایه‌ن بووبوو، له‌وانه‌ شه‌كره‌ و سستى گورچیله‌كانى، به‌ڵام مه‌ترسیدارترین نه‌خۆشیه‌كانى جۆرێكى ده‌گمه‌نى شێرپه‌نجه‌ى خوێن بوو كه‌ ناچارى كردبوو سێ جێگر بۆ راییكردنى كاروباره‌كانى دابمه‌زرێنێت. له‌ ساڵى 2000 دا كۆچى دوایى كرد.

ئه‌یهود ئۆڵمه‌رت، سه‌ره‌ك وه‌زیرانى ئیسرائیل:

ئه‌یهود ئۆڵمه‌رت سه‌ره‌ك وه‌زیرانى پێشووى ئیسرائیل له‌زارى خۆیه‌وه‌ و له‌ یه‌كێك له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانیدا، تووشبوونى خۆیى به‌ نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌ ئاشكرا كرد و رایگه‌یاند له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى ئیسرائیلدا نه‌شته‌رگه‌ریى لابردنى شێرپه‌نجه‌كه‌ى بۆكراوه‌. ئۆڵمه‌رت له‌ ساڵى 2007 دا تووشى شێرپه‌نجه‌ى پرۆستات بووبوو.

عه‌بدولعه‌زیز بۆته‌فلیقه‌، سه‌رۆكى جه‌زائیر:

عه‌بدولعه‌زیز بۆته‌فلیقه‌ سه‌رۆكى جه‌زائیر نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌ى گه‌ده‌-ى هه‌یه‌. ماوه‌ى زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كى شارى پاریس-ى پایته‌ختى فره‌نسا له‌ژێر چاره‌سه‌ر و چاودێریى وردى پزیشكیدا بوو. هه‌ر به‌هۆى ده‌رهاویشته‌كانى ئه‌و نه‌خۆشیه‌یه‌وه‌ له‌ ساڵى 2013 جه‌ڵته‌ى مێشك-یش لێیدا و له‌كارى خست.

چاندرا شێخار، سه‌ره‌ك وه‌زیرانى هندستان:

چاندرا شێخار سه‌ره‌ك وه‌زیرانى هندستان تووشبوونى خۆیى به‌ نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌ ده‌شارده‌وه‌ و ئاشكراى نه‌ده‌كرد، به‌ڵام دووچارى چه‌ندین گرێى شێرپه‌نجه‌یى بوو بوو له‌ دڕكه‌په‌تك-یدا تا ساڵى 2007 له‌ ته‌مه‌نى 80 ساڵیدا كوشتى.

هۆگۆ شاڤێز، سه‌رۆكى ڤه‌نزویلا:

هۆگۆ شافێز سه‌رۆكى پێشووى ڤه‌نزویلا له‌ ساڵى 2011 دا تووشى نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌ى كڵۆت/حه‌وز بووبوو و زیاد له‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كى بۆ كرا. له‌ چواره‌م نه‌شته‌رگه‌رییدا كه‌ له‌ كوبا كردى، پزیشكه‌كانى دڵنیایى ئه‌وه‌یان دایه‌ بارى ته‌ندروستیى ته‌واو ئاسایى و جێگیره‌. دواتر هه‌ر خۆى هه‌واڵى تووشبوونه‌وه‌ى به‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ راگه‌یاند و وتى "له‌ هاڤانا نه‌شته‌رگه‌رییه‌كى ترم بۆ ده‌كرێت". له‌ ساڵى 2013دا كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌و نه‌خۆشیه‌ كوشتى.
 
عومه‌ر به‌شیر، سه‌رۆكى سودان:

عومه‌ر به‌شیر سه‌رۆكى سودان له‌ ساڵى 2012دا له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كى ده‌وحه‌ نه‌شته‌رگه‌ریى بڕین و وه‌رگرتنى چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌و گرێیه‌ى بۆ كرا كه‌ له‌ قوڕگ-یدا دروست بووبوو. گرێكه‌ى به‌ته‌واوى بۆ لابرا چونكه‌ خه‌ریكبوو ده‌بووه‌ به‌ربه‌ستى به‌رده‌م خواردن و قسه‌كردن و  ته‌نانه‌ت خنكاندنى. عه‌بدوڵـڵا حه‌سه‌ن به‌شیر-ى براى وتى "برینه‌كه‌ى ناكوشنده‌(حه‌میده‌)یه‌".

جۆرج پۆمپیدۆ، سه‌رۆكى فره‌نسا:

جۆرج پۆمپیدۆ سه‌رۆكى پێشووترینى فره‌نسا گیرۆده‌ى هه‌ڵاوسانى جگه‌ر و سپڵ و رژێنه‌ لیمفاویه‌كانى بووبوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌ى خوێن-یشى هه‌بوو كه‌ له‌ هه‌موویان كاریگه‌ر تربوو و سه‌ره‌نجام له‌ 1974 دا كوشتى.

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure