بۆچی نووسينى ناوى پارێزگارى بانك له‌سه‌ر دراوى نوێی عێراق کێشەی دروستکردوە؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 11/10/2018‌ :: 690‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى رابردوو بانكى ناوه‌ندى عێراق، چه‌ند فيئه‌يه‌كى دراوى عێراقى چاپکردەوە، سه‌ره‌ڕاى گۆڕانكارى له‌ هه‌ندێك وێنه‌ى سه‌ر دراوه‌كان، ناوى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى به‌وه‌كاله‌تيشى تيايه‌، نووسينى ناوى پارێزگار به‌ خه‌تى ده‌ستى له‌سه‌ر دراوه‌ نوێيه‌كه‌ هه‌رايه‌كى سياسى و ده‌نگۆيه‌كى گه‌وره‌ى ميديايى به‌دواى خۆيدا هێنا.

له‌سه‌ر ئاستى سياسى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، له‌ دانيشتنى ژماره‌ (5)ی خولى چواره‌مى په‌رله‌ماندا كه‌ رۆژى سێشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌چوو، بڕگه‌يه‌كى فراوانيان بۆ تاوتوێكردنى ئه‌و پرسه‌ ته‌رخانكرد.

هه‌ر له‌ دانيشتنه‌كه‌دا، حه‌سه‌ن كه‌ريم كه‌عبى، جێگرى يه‌كه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كه‌ دانيشتنه‌كه‌ى به‌ڕێوه‌ده‌برد، به‌ پێويستى زانى‌ پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌بردنى بانك، له‌ دانيشتنه‌كانى ئاينده‌ى په‌رله‌مان ئاماده‌ بن، بۆ تاوتوێكردنى مامه‌ڵه‌كانى بانكى ناوه‌ندى و سياسه‌تى نه‌ختینه‌یى.

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شيد، سه‌رۆكى فراكسيۆنى كۆمه‌ڵى ئيسلامى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى ئه‌و هه‌را ميديايى و سياسييه‌ى له‌سه‌ر پرسه‌كه‌ دروستكراوه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌ياند: په‌رله‌مان ميواندارى عه‌لى عه‌لاق ده‌كات، بۆ يه‌كێك له‌ دانيشتنه‌كانى خۆى، بۆ ئه‌وه‌ى روونكردنه‌وه‌ بدات سه‌باره‌ت به‌ پرسى نووسينى ناوى خۆى له‌سه‌ر دراوه‌ نوێيه‌كانى عێراق.

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شيد كه‌ له‌ خولى پێشووى په‌رله‌ماندا بڕيارده‌رى ليژنه‌ى دارايى په‌رله‌مانى عێراق بوو، روونيشیكرده‌وه‌: دراوى زۆرێك له‌ وڵاتان ناوى پارێزگارى له‌سه‌رە، ئێستا من دراوى شه‌ش وڵاتى ترم لايه‌ كه‌ ناوى پارێزگارى له‌سه‌ره‌ و واژۆشی پێوه‌يه‌، به‌ڵام كێشه‌ى عێراق ئه‌وه‌يه‌ كه‌ پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى (بريكار-وكالة)يه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ كێشه‌ى عه‌لى عه‌لاق نييه‌، به‌ڵكو کێشه‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌يه‌ كه‌ ناتوانێت پارێزگارێك به‌ رەسمى دابنێت.

سه‌رۆكى فراكسيۆنى كۆمه‌ڵى ئيسلامى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، بڕواى خۆى له‌و باره‌وه‌ نيشاندا: كه‌ پرسه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ى سياسييه‌، ئه‌وه‌نده‌ هونه‌رى و ياسايى نييه‌، چونكه‌ عه‌لى عه‌لاق له‌ حزبى ده‌عوه‌يه‌، ده‌يانه‌وێت چۆن حكومه‌تيان له‌ ده‌ستى ده‌عوه‌ ده‌ركرد، ئه‌و پۆسته‌ش به‌و شێوه‌يه‌ له‌ ده‌ستى حزبى ده‌عوه‌ ده‌ربكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ رۆڵى په‌رله‌مان له‌ لابردنى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى روونيكرده‌وه‌: په‌رله‌مان كه‌ ميواندارى بكات، كۆمه‌ڵێك پرسيار دێته‌پێشه‌وه‌ و ئاڕاسته‌ی ده‌كرێت، دواى ئه‌وه‌ى كه‌ نه‌يتوانى وه‌ڵامى پرسياره‌كان به‌باشى بداته‌وه‌، ئنجا داوا له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆكى راسپێردراو بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى  ده‌كرێت، كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ كانديد بكات بۆ ئه‌وه‌ى بێته‌ په‌رله‌مان و په‌رله‌مانيش ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر بدات، چونكه‌ پله‌ى وه‌زيرى هه‌يه‌.

له‌باره‌ى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ميدياييه‌ى له‌سه‌ر پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى هه‌يه‌، ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شيد وتى: "زۆر گه‌نده‌ڵ هه‌يه‌، ناوى له‌سه‌ر دراوى نه‌ختى نييه‌، به‌ڵام ناويان له‌سه‌ر ديواره‌ هيچ جياوازى نييه‌، به‌ باوه‌ڕى من ئه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكه‌ دژى حزبى ده‌عوه‌ى ئيسلامى به‌شێوه‌يه‌كى گشتى و عه‌لى عه‌لاق به‌تايبه‌تى، ئه‌گينا ئه‌وه‌نده‌ى خه‌له‌لى ترى هه‌يه‌، ئه‌م پرسه‌ زۆر لاوه‌كييه‌".

هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: خێزانى (ئال عه‌لاق) له‌ ده‌سه‌ڵاتدا 14 عه‌لاق هه‌ن، له‌ به‌رپرسيارێتى زۆر هه‌ستياردان، ئه‌وه‌ش بۆخۆى بابه‌تێكه‌.

ئاشكراشيكرد: من زانياريم لايه‌، جارى پێشوو (50) هه‌زارى چاپكردووه‌، ئه‌و پاره‌يه‌ (5) مليۆن وه‌ره‌قه‌ بووه‌، هه‌ر وه‌ره‌قه‌يه‌ك (شه‌ش) سه‌نتى تێچووه‌، شه‌ست مليۆن دۆلار دراوه‌ به‌ وه‌ره‌قه‌ى نه‌قدى له‌ كاتێكدا كه‌ پێويست ناكات.

لەڕووى مێژووييه‌وه‌ تائێستا هيچ دراوێكى عێراقى ناوى پارێزگاره‌كه‌ى بانكى ناوه‌ندى سه‌رده‌مى خۆى نه‌خراوه‌ته‌سه‌ر، ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شيديش ئه‌و راستييه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ته‌نها واژۆى پارێزگارى بانك خراوه‌ته‌سه‌ر دراوى عێراقى به‌ درێژايى مێژووى دراوى عێراق.

له‌ به‌رامبه‌ردا راگه‌ياندنى بانكى ناوه‌ندى له‌ لێدوانێكى تايبه‌تدا، سه‌باره‌ت به‌ پاڵنه‌ره‌كانى پشته‌وه‌ى ئه‌و هه‌رايه‌ى له‌ سه‌ر پرسه‌كه‌ هه‌يه‌، به‌ دواڕۆژى راگه‌ياند: ناتوانين له‌ جياتى ئه‌و خه‌ڵكه‌، ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ ديارى بكه‌ين، هه‌روه‌ها گرنگ ئه‌وه‌يه‌ كێشه‌ له‌ واژۆكه‌دا نييه‌، واژۆكه‌ له‌سه‌ر دراوه‌كه‌ هه‌يه‌، له‌ هه‌موو وڵاتانيشدا هه‌يه‌، به‌ڵام گرنگ هێزى ديناره‌كه‌يه‌، مادام هێزى ديناره‌كه‌ ئاماده‌يه‌ ئيتر ئه‌وانى تر ئاساييه‌.

سه‌باره‌ت به‌ واده‌ و كاتى وروژاندنى پرسه‌كه‌ بانكى ناوه‌ندى هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: له‌به‌رئەوەی په‌رله‌مان نوێيه‌، ناتوانين پاڵنه‌ره‌كانى له‌م كاته‌دا ديارى بكه‌ين، له‌وانه‌يه‌ سياسيش بێت.

ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستى پارێزگار و ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌بردنى بانكى ناوه‌ندى جه‌ختیكرده‌وه‌: هه‌ڵوێستيان نه‌گۆڕ و جێگيره‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ ياسايى و ئاساييه‌ و ده‌شڕوات و پارێزگارى له‌ هێزى دينار ده‌كات.

له‌باره‌ى ئاماده‌بوونى پارێزگار و ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌بردنى بانك له‌ په‌رله‌مان، راگه‌ياندنى بانكى ناوه‌ندى وتى: "به‌ سنگفراوانييه‌وه‌ ئاماده‌ى دانيشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مان ده‌بن".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure