هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك رۆژنامه‌نوسێك له‌ جیهاندا "تیرۆر ده‌كرێت"

هەواڵ / جیهان :: 11/10/2018‌ :: 474‌ جار بینراوە
ڤیكتۆریا مارینۆڤا

دواڕۆژ
رێكخراوى په‌یامنێرانى بێسنور رایده‌گه‌یه‌نێت: ژیانى رۆژنامه‌نووسان له‌ زۆر وڵاتى جیهاندا له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدایه‌ و ئامارێكیش له‌باره‌ى قوربانیانى رۆژنامه‌نوس بڵاوده‌كاته‌وه‌.


رێكخراوه‌كه‌ له‌ نوێترین راپۆرتیدا رایگه‌یاند: ژیانى رۆژنامه‌نوسان له‌ زۆرێك له‌ وڵاتانى جیهاندا له‌ به‌رده‌م مه‌ترسیدایه‌ و هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك رۆژنامه‌نوسێك "تیرۆر ده‌كرێت".

ئاشكراشیكرد: به‌ ته‌نیا له‌ نیوه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا 36 رۆژنامه‌نوسى ناودار كوژراون، سه‌ره‌ڕاى كوژرانى 9ى دیكه‌.

له‌ دوایین رووداودا ته‌رمى رۆژنامه‌نوس ڤیكتۆریا مارینۆڤا، (30 ساڵ)ى رۆژنامه‌نوسى بولگارى له‌ نزیك روبارى دانوب له‌ شارێكى روسى دۆزرایه‌وه‌.

نوێنه‌رانى داواكارى گشتى ئاشكرایانكرد: روبه‌ڕووى ده‌ستدرێژى سێكسى و لێدان و دواتریش خنكاندن بووه‌ته‌وه‌.

به‌ڵام ملادن مارینۆڤ، وه‌زیرى ناوخۆ رایگه‌یاند: هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ كوشتنه‌كه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ كاره‌ رۆژنامه‌نوسییه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌بێت.

به‌ڵام میدیاكان ئاشكرایانكرد ئه‌و پرسه‌ى مارینۆڤا كارى له‌سه‌ر ده‌كرد دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى په‌یوه‌ندیدار به‌ پاره‌كانى یه‌كێتى ئه‌وروپاوه‌ بووه‌.

هاوكات له‌ رۆژى سێشه‌ممه‌ى رابردووه‌وه‌ 2ى تشرینى یه‌كه‌م جه‌مال خاشقچى، رۆژنامه‌نوسى دیارى سعودى دیارنه‌ماوه‌ و ئه‌گه‌رى كوژرانى به‌دورنازانرێت.

پیشه‌ى رۆژنامه‌نوسى به‌ پیشه‌ مه‌ترسیداره‌كان داده‌نرێت، به‌جۆرێك "تیرۆر" و كوشتنى رۆژنامه‌نوسان ته‌نها له‌و ناوچانه‌ نیه‌ كه‌ ململانێى چه‌كدارى تیایه‌. 

هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌فغانستان و سوریا له‌و وڵاتانه‌ن كه‌ زۆرترین مه‌ترسییان له‌سه‌ر ژیانى رۆژنامه‌نوسان هه‌یه‌ به‌جۆرێك ته‌نها له‌ نیوه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ 11 رۆژنامه‌نوس له‌ ئه‌فغانستان و 9یش له‌ سوریا كوژراون. مه‌كسیك-یش كه‌ ململانێى چه‌كدارى تیانیه‌، به‌ڵام مه‌ترسیداره‌ سه‌باره‌ت به‌ رۆژنامه‌نوسان و ته‌نها له‌ ساڵى 2017 11 رۆژنامه‌نوس له‌و وڵاته‌ كوژراون به‌پێى ئاماره‌كانى رێكخراوى په‌یامنێرانى بێسنور.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure