زانیارى نوێ له‌باره‌ى دۆسیه‌ى خاشقچى بڵاوده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 1634‌ جار بینراوە
جه‌مال خاشقچى

دواڕۆژ
رۆژنامه‌ى (واشنتن پۆست) زانیارى نوێ ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندى جه‌مال خاشقچى، رۆژنامه‌نوسى سعودى به‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ و پێشیوایه‌ ره‌نگه‌ ببێته‌ ماوه‌ى ئیحراجى بۆ ئیداره‌ى ئه‌مریكا.


واشنتن پۆست له‌سه‌ر زارى به‌رپرسانى ئه‌مریكاوه‌ بڵاویكرده‌وه‌: ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئه‌مریكا زانیارى هه‌بووه‌ ده‌رباره‌ى پلانێكى سعودییه‌ كه‌ له‌لایه‌ن محه‌مه‌د بن سه‌لمان،ى جێنشێنه‌وه‌ فه‌رمانى پێكراوه‌ و ناوه‌رۆكه‌كه‌ى بریتى بووه‌ له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى خاشقچى بۆ سعودییه‌ به‌مه‌به‌ستى ده‌ستگیركردنى.

رۆژنامه‌كه‌، كه‌ پێشتر خاشقچى وتارى تیادا ده‌نوسرى، له‌سه‌ر زارى به‌رپرسانى ئه‌مریكاوه‌ رونیشیكردوه‌ته‌وه‌: به‌رپرسانى سعودییه‌ له‌رێى په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ پلانێكیان تاوتوێكردووه‌ ده‌رباره‌ى به‌ ئامانجگرتنى خاشقچى له‌ شوێنى مانه‌وه‌ى له‌ ویلایه‌تى فێرجینیا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و ده‌ستگیركردنى.

هه‌ر به‌پێى رۆژنامه‌كه‌ رۆژنامه‌نوسه‌ بێسه‌روشوێنه‌كه‌ له‌به‌رده‌م زۆرێك له‌ هاوڕێكانى گومانى خۆى نیشانداوه‌ له‌و به‌ڵێنانه‌ى به‌پێى راپۆرته‌كه‌ "له‌لایه‌ن به‌رپرسانى سعودى نزیك له‌ جێنشین" پێیدراوه‌ ده‌رباره‌ى پێدانى پۆستى حكومى باڵا له‌ سعودیه‌ له‌گه‌ڵ فه‌راهه‌مكردنى پاراستنى.

ئاماژه‌شیداوه‌: له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر هه‌ر رۆڵێكى كه‌سى محه‌مه‌د بن سه‌لمان له‌و دۆسیه‌یه‌دا بسه‌لمێنرێت، ده‌بێته‌ مایه‌ى ئیحراجى بۆ ئیداره‌كه‌ى دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا به‌هۆى ئه‌وه‌ى تائێستا دوریده‌زانێت گرێبه‌ستى چه‌ك له‌گه‌ڵ سعودییه‌ رابگرێت.

له‌و باره‌وه‌ تره‌مپ ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند: وه‌ستاندنى فرۆشتنى چه‌كى ئه‌مریكى به‌ سعودییه‌ به‌هۆى دیارنه‌مانى خاشقچى "زۆر ئه‌سته‌مه‌".

تره‌مپ، له‌میانه‌ى چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌ڕێى ته‌له‌فۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فۆكس نیوز وتیشى: "باوه‌ڕم وایه‌ كه‌ زیانمان پێده‌گات".

ده‌رباره‌ى دیارنه‌مانى ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ش ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: كارێكى قێزه‌ونه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئیجابى نابێت بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا و سعودیه‌ ئه‌گه‌ر كوژرانى خاشقچى پشتڕاست ببێته‌وه‌.

رۆژى پێشتریش سه‌رۆكى ئه‌مریكا ئه‌وه‌ى ئاشكراكرد: داواى رونكردنه‌وه‌ى "له‌سه‌ر ئاستى باڵا" له‌ سعودییه‌ كردووه‌ ده‌رباره‌ى چاره‌نوسى خاشقچى و وتیشى "زیاتر له‌ جارێك" له‌گه‌ڵ سه‌رانى سعودییه‌ ده‌رباره‌ى دیارنه‌مانى ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ قسه‌ى كردووه‌.

جه‌مال خاشقچى، رۆژنامه‌نوسى سعودى رۆژى 2ى ئه‌م مانگه‌ پاش چوونه‌ كونسوڵخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ ئه‌سته‌نبول دیارنه‌ما و تائێستا بێسۆراغه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure