ئارێز عه‌بدوڵا: پارتى زۆرینه‌ نییه‌ و ناتوانێت به‌ ته‌نها حكومه‌ت پێكبهێنێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 3167‌ جار بینراوە
ئارێز عه‌بدوڵـڵا

دواڕۆژ، سامان قوبادى 
دواى سه‌رۆك كۆمار، یه‌كێتى كاندیدى بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كانى عێراق ده‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ى ئارێز عه‌بدوڵـڵا، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا باسیده‌كات و ده‌شڵێت: "پارتى زۆرینه‌ نییه‌ و ناتوانێت به‌ته‌نیا حكومه‌ت پێكبهێنێت".

دواڕۆژ: پارتى باس له‌ پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ ده‌كات له‌ هه‌رێم، ده‌ڵێن وه‌ك یه‌كێتى كه‌ له‌به‌غدا به‌ زۆرینه‌ پۆستى سه‌رۆك كۆماریان یه‌كلایى كرده‌وه‌، ئه‌وانیش هه‌مان شێوه‌ بۆ حكومه‌تى هه‌رێم په‌یڕه‌وده‌كه‌ن، بۆچوونتان چییه‌؟

ئارێز عه‌بدوڵـڵا: یه‌كه‌م، پارتى زۆرینه‌ى نییه‌ تا بتوانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌بێت 56 په‌رله‌مانتار هه‌بێت، ئه‌وكات حكومه‌ت دروست ده‌بێت، پارتى-یش ئه‌و ژماره‌ كورسییه‌ى نییه‌ و ناشیبێت. كه‌ باسى زۆرینه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستى پێكهاته‌كان بێت، ئه‌وا پێمانوایه‌ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى پێكهاته‌كان ده‌بێت نوێنه‌رى توركمان و ئاشورییه‌كان بن، بۆ بابه‌تى نه‌ته‌وه‌یى-نیشتیمانى، نه‌ك به‌ردى هاوسه‌نگى بن بۆ راستكردنه‌وه‌ى پارسه‌نگ بۆ پارتى و ده‌ستكه‌لا نه‌بن. ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له‌ رێگه‌ى ئه‌وانه‌وه‌ زۆرینه‌ پێكبهێنێت ئه‌وا جێگه‌ى قبووڵ نییه‌ و پێى قایل نابین. جگه‌له‌وه‌ بڕواناكه‌م نوێنه‌رى پێكهاته‌كان خۆیان بكه‌نه‌ دارده‌ستى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان. دووه‌م، پارتى كاتێك باسى زۆرینه‌ ده‌كات ده‌بوایه‌ له‌ پێشتردا خۆى هه‌نگاوى بۆ بنایه‌، بۆ نموونه‌ یه‌كێتى له‌ هه‌ندێك قه‌زاى هه‌ولێر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان زۆرینه‌ى به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام ته‌نانه‌ت سه‌رۆكى شاره‌وانی-یشمان پێ ره‌وا نابینێت، بۆ نموونه‌ له‌ ره‌واندز و قه‌سرێ و چۆمان پێشتر و ئێستاش زۆرینه‌ین، كه‌واته‌ چۆن خۆى داواى پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ ده‌كات، له‌كاتێكدا نه‌ ژماره‌ى كورسییه‌كانى به‌شى ئه‌وه‌ ده‌كات و نه‌ هه‌لومه‌رجى كوردستان و عێراق هى ئه‌وه‌یه‌ زۆرینه‌ پێكبهێنێت؟ خۆزگه‌ هه‌لومه‌رج وه‌ها بوایه‌ هه‌ر حزبێك زۆرینه‌ى به‌ده‌ستبهێنایه‌ بیتوانیایه‌ حكومه‌ت به‌ ته‌نها پێكبهێنێت.

دواڕۆژ: پارتى ده‌ڵێت به‌پێى ژماره‌ى كورسییه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ده‌كه‌ن، وه‌ڵامتان چییه‌؟
ئارێز عه‌بدوڵـڵا: 
ئه‌مه‌ش ناكرێت، ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر گفتوگۆ و رێككه‌وتنى یه‌كێتى و پارتى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، هێشتا زووه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌مه‌ بدرێت.

دواڕۆژ: ئایا یه‌كێتى له‌ كۆمسیۆن واژۆ له‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
كه‌ى ئه‌نجامى كۆتایى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ راگه‌یه‌ندرا و دڵنیابووینه‌وه‌ سكاڵاكانمان له‌به‌رچاوگیراوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ دهۆك و هه‌ولێر، ئه‌وكات یه‌كێتى هه‌ڵوێستى خۆى راده‌گه‌یه‌نێت. ئێستا نیگه‌رانین و تێبینی و گومانمان زۆره‌، به‌ڵام تا كۆمسیۆن ئه‌نجامه‌كان به‌ ره‌سمى رانه‌گه‌یه‌نێت بڕیارناده‌ین.

دواڕۆژ: یه‌كێتى كه‌ى ده‌ست به‌ گفتوگۆ ده‌كات له‌باره‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم؟
ئارێز عه‌بدوڵـڵا:
به‌هۆى ئه‌وه‌ى پارتى زۆرترین كورسى هه‌یه‌، ئه‌و راده‌سپێردرێت بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، ئه‌وكات ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ پارتى و لایه‌نه‌كانى تر ده‌كه‌وینه‌ گفتوگۆ. ده‌بێت لایه‌نه‌كان ئه‌و راستییه‌ بزانن، توانا و هێزى یه‌كێتى به‌ ژماره‌ى كورسییه‌كانى له‌ په‌رله‌مان ناپێورێت، بۆیه‌ كه‌س ناتوانێت یه‌كێتى فه‌رامۆش بكات.

دواڕۆژ: ئایا یه‌كێتى له‌ به‌غدا كاندیدى بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان پێشكه‌ش كردووه‌؟ 
ئارێز عه‌بدوڵـڵا:
ده‌مانه‌وێت له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى عێراقدا به‌شداربین و چه‌ند پۆستێك وه‌ربگرێن، ئێمه‌ پشتیوانیى عادل عبدولمه‌هدى ده‌كه‌ین، گفتوگۆى ره‌سمى ده‌ستیپێنه‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بزانین چه‌ند وه‌زاره‌تمان به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام بۆ هه‌ر وه‌زاره‌تێك كه‌ به‌ر كورد بكه‌وێت یه‌كێتى كاندیدى ده‌بێت.

دواڕۆژ: ده‌وترێت یه‌كێتى به‌هۆى وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك كۆمار-ه‌وه‌ ره‌نگه‌ پۆستى سیادى به‌رنه‌كه‌وێت، راسته‌؟
ئارێز عه‌بدوڵـڵا:
ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر گفتوگۆكان، ئایا كام لایه‌ن به‌شداریى ده‌كات یان نا؟ ئه‌گه‌ر زۆربه‌ى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌شداربن له‌ حكومه‌ت، ئه‌وا پۆستى كه‌مترمان به‌رده‌كه‌وێت، ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر پێكهاته‌ى حكومه‌ت و خاڵبه‌ندیى پۆسته‌كان، به‌ڵام یه‌كێتى پۆستى وه‌زارى به‌رده‌كه‌وێت.

دواڕۆژ: یه‌كێتى كام پۆستى وه‌زاره‌تى به‌لاوه‌ گرنگه‌ بۆ كورد؟
ئارێز عه‌بدوڵـڵا:
هه‌موو پۆسته‌كان بۆ كورد گرنگن، به‌ڵام بۆ هه‌رێمى كوردستان هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى به‌رگرى، دارایى، ناوخۆ، نه‌وت، ده‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌ته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانى وه‌ك ته‌ندروستى و بازرگانى گرنگترن بۆ هه‌رێم، ده‌بێت لایه‌نه‌كان هه‌وڵ بۆ وه‌رگرتنى بده‌ن، چونكه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵكى كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.

دواڕۆژ: ئایا رێككه‌وتن له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى-دا هه‌یه‌ بۆ دابه‌شكردنى ئه‌و پۆستانه‌ى له‌ كابینه‌ى نوێدا ده‌درێن به‌ كورد؟
ئارێز عه‌بدوڵـڵا:
بۆ هه‌ردوو پۆستى سه‌رۆك كۆمار و جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان رێككه‌وتن له‌نێوانماندا نه‌بوو، ته‌نها پۆسته‌كانى حكومه‌ت ماونه‌ته‌وه‌ هیوادارین رێكبكه‌وین، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌و پۆستانه‌ى ده‌درێت به‌ كورد به‌هه‌مان شێوه‌ى سه‌رۆك كۆمار و جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان یه‌كلایى بكرێنه‌وه‌.

دواڕۆژ: مه‌سه‌له‌ى زیادكردنى جێگرێكى تر بۆ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق له‌ پشكى پارتى تاچه‌ند راسته‌؟
ئارێز عه‌بدوڵـڵا:
پێده‌چێت عادل عه‌بدولمه‌هدى چه‌ند جێگرێك بۆخۆى دابنێت، بێگومان یه‌كێكیان بۆ كورد ده‌بێت، پێشتریش كه‌ دراوه‌ به‌ پارتى بۆ رازیكردنى نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ شێوه‌ و ئه‌و لایه‌نانه‌ى حكومه‌ت پێكده‌هێنن.

دواڕۆژ: زانیارى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ دوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى، بڕیار له‌مباره‌یه‌وه‌ دراوه‌؟ 
ئارێز عه‌بدوڵـڵا:
له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌وه‌رى گفتوگۆمان له‌باره‌ى كارى هاوبه‌ش و هاتنى دوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌یان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كردووه‌ بۆ ناو فراكسیۆنى یه‌كێتى، بڕیاره‌ هه‌ردوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى هاوپه‌یمانى له‌ به‌غدا ببنه‌ به‌شێك له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى، به‌مپێیه‌ ژماره‌ى ئه‌ندامانى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ 17 په‌رله‌مانتاره‌وه‌ ده‌بێت به‌ 19 ئه‌ندام.

دواڕۆژ: پارێزگارى كاتیى كه‌ركوك بووه‌ به‌ ئه‌ندامى په‌رله‌مان، ئایا یه‌كێتى ئه‌م پۆسته‌ یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌؟
ئارێز عه‌بدوڵـڵا:
كۆنه‌بوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك بابه‌ته‌كه‌ى دواخست، یه‌كلایى كردنه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته‌ به‌ده‌ست عێراقه‌، ده‌بێت ئێمه‌ و پارتی-یش رێكبكه‌وین له‌سه‌ر یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى پارێزگاوه‌ ده‌ستنیشان بكرێت. هه‌وڵده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ پارتى له‌ ئه‌نجومه‌ن كاندیدى یه‌كێتى بكه‌ین به‌ پارێزگار، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كرێت له‌ به‌غدا ده‌سته‌وه‌ستان ناوه‌ستین، له‌گه‌ڵ حكومه‌تى به‌غدا هه‌وڵده‌ده‌ین كه‌سێكى یه‌كێتى بۆ ئه‌و پۆسته‌ دابنێین.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure