گواستنه‌وه‌ی مامۆستایانی پێنجوێن جیاوازه‌ له‌ناوچه‌كانی تر

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 11/10/2018‌ :: 1388‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بڕیاریداوە ئەو مامۆستایانەی (40) خاڵ بەرەو سەرەوەیان هەیە، كاری گواستنەوەیان لەنێوان پەروەردەكاندا بۆ بكرێت، بەڵام لەسنووری بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پێنجوێن، خاڵەكانی گواستنەوەی مامۆستایان بۆ (50) خاڵ بەرەو سەرەوە زیادیكردكراوه‌، ئەوەش نیگەرانی لێكەوتووه‌تەوە.


سۆران نوری، یەكێك لەمامۆستایانی پێنجوێن، بەدواڕۆژی راگەیاند: هەرچەندە بۆ ئەمساڵ بڕیاربوو لە (٤٠) خاڵەوە مامۆستا بتوانێت فۆڕمی گواستنەوە پڕ بكاتەوەو داوا پێشكەشبكات و لەزۆرینەی پەروەردەكانیش لەو (40) خاڵە كەمتریش گواستنەوەی بۆ كراوە، بەڵام بەداخەوە لەپەروەردەی پێنجوێن، وەك ئەوەی دوورتر و ناڕەحەتترە، جیاوازتریشە لەهەموو پەروەردەیەكی تر و مامۆستا بە كێشە و ناڕەحەتی زۆر دەتوانێت گواستنەوەی بۆ بكرێت، هەرچەندە خزمەتیشی زۆر بێت.

وتیشی: "بەداخەوە وەك خۆم بە هه‌شت ساڵ خزمەت و 46 خاڵم هەیەو سەره‌ڕای وەرگرتنی فۆڕم، بەڵام كاری گواستنەوەم بۆ نەكراوە، ئەمەش پێچەوانەی خودی رێنماییەكانی تایبەت بەگواستنەوەی مامۆستایانە كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دیاریكردووە".

هاوكات ئەسعەد جافر، سەرپەرشتیاری یەكەم لەبەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پێنجوێن، به‌ دواڕۆژی راگەیاند: بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندن، نزیكەی 200 مامۆستا لەسنووری بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پێنجوێن فۆڕمی بۆ گواستنەوە پڕكردووه‌تەوە، تائێستا بەشێك لەكارەكانیان تەواو نەبووەو رەنگە نزیكەی 100یان گواستنەوەیان بۆ بكرێت.

ناوبراو، روونیشیكردەوە: نەبوونی دامەزراندنی مامۆستایان بەشێوەی میلاكی هەمیشەیی و گرێبەستن كاری ئێمەشی گران كردووەو ئەو مامۆستایانەی لەرۆژانی داهاتوودا كاری گواستنەوەیان بۆ دەكرێت، شوێنەكانیان بەمامۆستای وانەبێژ پڕدەكرێتەوەو هەر مامۆستایەكیش لە 40 خاڵ بەرەو سەرەوەی هەبێت، بۆی هەبووە لەلای ئێمە فۆرم پڕبكاتەوە، بەڵام دیاری نەكراوە چەند خاڵ كاری گواستنەوەیان بۆ دەكرێت.

هەر لەوبارەیەوە، مەریوان عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، بەدواڕۆژی وت: "تایبەت بەگواستنەوەی مامۆستایان لەئێستادا لەبەرئەوەی دامەزراندنی مامۆستایان نییە، بەو هۆیەشەوە گواستنەوەكان سستیی تێكەوتووە، چونكە ئەگەر ئێمە ئەو گواستنەوانە بكەین، ئەو خوێندنگایانە بێ مامۆستا دەبن و پێویستە دابخرێن".

ئاماژەی بەوەشكرد: چاوەڕێی ئەوە دەكەین وانەبێژەكان لەخوێندنگەكان دابنرێن، بۆ ئەوەی بتوانین بەهۆی ئەوانەوە چارەسەری ئەو بۆشاییە بكەین كە لەناو ناوەندەكان خوێندن دوای گواستنەوەی مامۆستایان دێتە پێشەوە.

سەبارەت بە گرفت و نیگەرانی مامۆستایانی پەروەردەی پێنجوێنیش، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، ئاشكرایكرد: ئەو مامۆستایانە كە ئێستا ئەو خاڵانەیان تەواو كردووە، گواستنەوەیان بۆ دەكرێت، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بكەین تا مامۆستایانی وانەبێژ بخرێنە شوێنەكانیان و لەهەموو حاڵەتێكیشدا دەبێت مامۆستای وانەبێژ دابنرێت، چونكە ئێمە ناتوانین مامۆستا كاری گواستنەوەیان بۆ بكەین و پێویستە بەدیل لەشوێنیان هەبێت.

هێمای بۆ ئەوەشكرد: وانەبێژەكان لەهەفتەی داهاتوو دادەنرێن و تەواوی پەروەردەكان ئەو خاڵبەندییەی كە پێشتر داماننابوو بوو بۆیان، چاوەڕێدەكەین لەناوەندەكانی خوێندنەوە ئەو پسپۆڕییانەی پێویستیان پێیەتی بدرێتە سەرپەرشتیاری پەروەردەكان و دواتریش مامۆستایانی وانەبێژ دادەنرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure