نوسینى ناوى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندی كێشه‌ بۆ دینار دروستده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/10/2018‌ :: 2422‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
دواى ئه‌وه‌ى بانكى ناوه‌ندى عێراق، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ چه‌ند دراوێكى كاغه‌زى خسته‌بازاڕ و بانكه‌كانى عێراقه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌و دراوانه‌ وێنه‌ى ناو دراوه‌كان گۆڕانكارییان تێداكرابوو، له‌پاڵ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌دا ناوى سیانى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى به‌ ده‌ستووس له‌سه‌ر دراوه‌كان نووسراوه‌، ئه‌و گۆڕانكارییه‌ نوێیانه‌، ناڕه‌زایه‌تییه‌كى فراوانى له‌سه‌ر ئاستى سیاسى و جه‌ماوه‌رى به‌دواى خۆیدا هێنا.

له‌ دانیشتنى ژماره‌ (5)ی خولى چواره‌مى په‌رله‌مانى عێراق كه‌ دوێنى سێشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌چوو، بڕگه‌یه‌ك بۆ تاوتوێكردنى پرسى نووسینى ناوى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى لەسەر دراوەکان له‌ دانیشتنه‌كه‌دا زیادكرا.

له‌و دانیشتنه‌ى په‌رله‌ماندا، حه‌سه‌ن كه‌ریم كه‌عبى، جێگرى یه‌كه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كه‌ دانیشتنه‌كه‌ى به‌ڕێوه‌ده‌برد وتى: "له‌ ئه‌نجامى وته‌ى په‌رله‌مانتاران، پێویستى كردوه‌، پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌بردنى بانك، له‌ دانیشتنه‌كانى ئاینده‌ى په‌رله‌مان ئاماده‌بن، بۆ تاوتوێكردنى مامه‌ڵه‌كانى بانكى ناوه‌ندى و سیاسه‌تى نه‌ختینه‌ى".

له‌ دایشتنه‌كه‌ى په‌رله‌ماندا سه‌باح ساعدى په‌رله‌مانتارى سائیرون، هۆشداریدا: كه‌ نووسینى ناوى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى له‌سه‌ر دراوى عێراق، ده‌نگۆ و هه‌رایه‌كى گه‌وره‌ى ناوه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت لائیحه‌كان ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، سیفه‌ى پارێزگار به‌ نووسینى ناوى ئاشكرایه‌تى.

ماجده‌ تومەیمی، په‌رله‌مانتاریش داوایكرد: له‌گه‌ڵ بانكى ناوه‌ندى قسه‌بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى ئامارى ته‌واو له‌سه‌ر بڕى ئه‌و دراوانه‌ بداته‌ په‌رله‌مان كه‌ له‌ ناوبراون، به‌ڕێژه‌ى بڕى ئه‌و دراوه‌ى ئێستا ده‌ستاوده‌ستى پێوه‌ده‌كرێت.

فه‌لاح عه‌بدولكه‌ریم خه‌فاجى، له‌ هاوپه‌یمانى نه‌سر داوایكرد: میواندارى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى بكرێت بۆ په‌رله‌مان، له‌پێناو روونكردنه‌وه‌ی مه‌به‌ستى چاپكردنى دراوى نوێ.

حه‌سه‌ن سالم، په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانى فه‌تح له‌ دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌ماندا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد: نووسینى ناوى پارێزگارى بانك به‌ وه‌كاله‌ت، له‌سه‌ر دراوى ناوخۆیى، كارێكى قبوڵنه‌كراوه‌، به‌ڵام چاوپۆشین له‌و رێوشوێنانه‌ى بانكى ناوه‌ندى سه‌باره‌ به‌ زیادكردنى دراو بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى گه‌نده‌ڵى.

عه‌باس سورت، په‌رله‌مانتارى ره‌وتى حیكمه‌ى نیشتمانى جه‌ختى له‌سه‌ر گرنگى چاودێریكردنى بانكى ناوه‌ندى كرده‌وه‌، له‌ بوارى چاپكردنى دراوى نوێ و بواره‌كانى تردا.

سه‌باره‌ت به‌ بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ى كه‌ بانكى ناوه‌ندى چاپى كردووه‌، مونا عومه‌یرى، په‌رله‌مانتار ئاشكراى كرد: بانكى ناوه‌ندى نزیكه‌ى 90 ملیار دینارى چاپكردووه‌، ئه‌و پرسیاره‌شى وروژاند كێ به‌رپرسیارى ئه‌و هه‌موو بڕه‌ پاره‌یه‌ هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان بڕیارى له‌ناوبردنى ئه‌و پاره‌یه‌ى ده‌ركرد.

له‌ دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌ماندا به‌شار حه‌مید كیكى، په‌رله‌مانتارى كورد، داواى كرد: زمانى كوردى له‌سه‌ر دراوى عێراقى زیادبكرێت.

عه‌لیه‌ ئیماره‌، ژنه‌ په‌رله‌مانتار باسى له‌وه‌كرد: پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوى نییه‌، بۆ نووسینى ناوى خۆى، چونكه‌ پارێزگارى بریكاره‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ نووسینى ناوى پارێزگارى بانك له‌سه‌ر دراوه‌ نوێیه‌كه‌ فالح خه‌زعه‌لى، په‌رله‌مانتارى ئیئتیلافى فه‌تح ئاماره‌ى بۆئه‌وه‌كرد: نووسینى ناوى پارێزگارى به‌وه‌كاله‌ت سوكایه‌تییه‌كى ئاشكرایه‌ به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى پێیدراوه‌، ئه‌وه‌ش پێویست ده‌كاته‌ له‌سه‌ر كاره‌كه‌ى لاببرێت.

له‌ دواى دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مانیش، ئه‌سعه‌د عه‌بادى، په‌رله‌مانتارى سائیرون له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا، جه‌ختیكرده‌وه‌: پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى دووجار سه‌رپێچى یاساى كردوه‌ كه‌ ناوى له‌سه‌ر دراوى نوێ نووسیوه‌.

وتیشى: "ئه‌و یاسایه‌ى بانكى ناوه‌ندى له‌ ساڵى 2004 ده‌ركراوه‌ رێگه‌ به‌ پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى نادات، ناوى خۆى له‌سه‌ر دراو بنووسێت، به‌ڵكو ته‌نها ئیمزاى خۆى بكات، هه‌روه‌ك بریكارییه‌كه‌ى ئه‌وه‌ سه‌رپێچییه‌كى تره‌".

لاى خۆیه‌وه‌ جه‌واد موسه‌وى، په‌رله‌مانتارى سائیرون له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، له‌ رووى یاساییه‌وه‌ ئه‌وه‌ى روونكرده‌وه‌: كه‌ به‌پێى ئه‌و یاسایەى بانكى ناوه‌ندى عێراق كه‌ پێش نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور و پێش پێكهێنانى ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كان ده‌ركراوه‌، پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى هیچ پاڵپشتى یاسایى نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ناوى خۆى له‌سه‌ر دراوى نوێ بنووسێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure