پارێزگارە نوێیەکەى هەڵەبجە و ئەرکە داهاتووەکانى بۆ خەڵکى شارەکە

هەواڵ / چاوی تۆ :: 10/10/2018‌ :: 252‌ جار بینراوە

یاسین نادر ڕەحمان     
لە وتارێکى پێشوومدا کە هەر لەم ماڵپەڕەدا بڵاوکرایەوە، هەموو خەمەکانی هەڵەبجەم لە دواى بڕیاڕی بەپارێزگابوونى هەڵەبجە باس کرد و خستەڕوو، کە بەڵێ ئەم شارە و پارێزگایە لە 13/3/2014 بە بڕیاری ئەنجومەنى وەزیران بە سەرۆكایەتی "نیَچیرڤان بەرزانی" لەبەر تایبەتمەنديی تایبەتی ئەم شارە وەك شاری شەهیدان، بڕیاری بە پارێزگابوونەكەی بەهۆی شارێكی ڕەمزی و نموونەيی و زۆرترین زیانلێكەوتەیی سیاسی لە سەردەمی بەعس و پاش بەعس، بۆ دەركراو لە 16/3/ هەمان ساڵیش مەرسومی سەرۆكایەتی بۆ بوونی بەپارێزگایەكی یاسایی و قانوونی بۆ دەرچوو.

پاش هەموو ئەمانەش لە 1/6/2015 فەرمانی دەستبەكاربوونی پارێزگار و دوو جێگرەكەی بۆ دەرچوو و لە 11/6/ 2015 دەستبەكاربوون، هەرچەندە جێی وەبیرهێنانەوەیە كە پەرلەمانی كوردستان لە 5/ 2/ 2015 بڕیاری دەركردنی یاسای ئیداریی پارێزگای هەڵەبجەی دەركرد و دواتر پاش تاوتوێكردنی لە 16/3/ 2015دا لە هەڵەبجە ئەم یاسایەی بۆ بەرژەوەنديی كاروبارە یاسایی و ئیداریەكانی هەڵەبجە بە واژؤی سەرۆكی پەرلەمان و تاوتوێكردنی پەرلەمانتارەكان پەسەند كرد، كە ئەم یاسایە لە 12مادەی سەرەكی پێكهاتبوو و زۆر هەلومەرجی شیاوی ئیداری و بودجەیی و بواری پەرەپێدان و گەشەپێدانی بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان بەدیهێنا و هاووڵاتیان و سەرجەم چین و توێژەكانی لەمبارەیەوە خۆشحاڵ كرد. ئەمانە بەرکوڵێکى یاسایی لەم پارێزگایە بوون.

بەڵام ئەوەى مەبەستی سەرەکیی منە، دیوى دووەمى قسەکانمە، نەک ئەوەیە کە خوانەخواستە بەبڕیاڕى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە و پاریزگا نوێیەکەى دڵخۆش نەبم و حەقدێکى سیاسیانە و حیزبیانە و شەخسیانە، ناخى منى نووسەر بگرێت و دەقێکى هێرشاوى بەس ڕەخنەئامێز بنووسم و زۆر لایەنى تر کە دەکرێت کارى لەسەر بکرێت لەبیر بکەم.

چونکە ئەمرى واقیع ئەوەیە کە ئێستا وا لەم شارەدا دواى بڕیاڕە جۆراوجۆرەکان و ئاڵوگۆڕە دەسەڵاتداریەکان لە شارەکەدا کە پۆستى پارێزگار بەرزترینیان بووە، نەتوانراوە لە ئاستى تموحى خەڵکەکەى، خەمەکانى خەڵکى شارەکە بڕەوێنرێتەوە، من کاتێک بەم ئاڵۆگۆڕییە دەسەڵاتداریانە دڵخۆشم، کاتێک پارێزگارێک ئەمشارە بەجێبهێڵێت جێگەدەستى پڕۆژەکانى ئەو وەک پەیامى دەستخۆشی و جێبەجێکردنیان بکەمە پەیامى خوداحافیزیم بۆی.

 حەزدەکەم خەڵکى ئەمشارە، لەدواى ئەم بەرەبەیانییەى دووشەمەى ٨/١٠/ ٢٠١٨ دەستبەکاربوونى پارێزگارە نوێیەکەى کاک "ئازاد تۆفیق"، هەموو ڕۆژە وەفدە جۆراوجۆرە ئیدارى و ڕێکخراوەیی و خزمان بەردەرگاى ئەو وەک سەردانێک کە جەمسەرێکى دۆستانەى هەبێت، نەگرن. بەڵکو وەک نەریتێکى نوێ لە شارەکەماندا بۆ بەرپرسی تازەى ئیداریی ئەم شارە کە دەستبەکاردەبێت، بە بیرێکى قووڵەوە و هێنانى پڕۆژەى جۆراوجۆر و ڕیکار و پلانەوە، بچنە پێشوازيى پارێزگارەکەى و خەمەکانی ئەم شارە و پلانە نوێیەکان بۆ خزمەتى زیاتریان بخەنەڕوو.

 زمانى ئێمەى نووسەر و هاووڵاتى ئەم شارە بە زمانى ڕەخنەگرتن و ئیهمالکردنى ئەم شارە لە ساڵانى ڕابردوودا هەمیشە دەنگ و ئاوازە گلەییەئامێزەکانى، هەموو ڕاگەیاندنى کوردى تەنیوە و ئەوە گرنگە هەر لە ئێستاوە چاوەڕوانیەکانى خۆیان لە کوڕە پشتێنە و خزمەکەى شارەکەى خۆیان، بۆ ئەو بخەنەڕوو و چیتر هەموان ئەم پۆستانە وەک ئاڵۆگۆڕێکى دەموچاوانە نەبینن و دڵخۆش و ڕەزامەندبوون لە کارەکانی بن.

منى خاوەن ئەم دەقە نووسینە لەم نووسینەمدا بە پارێزگارة نوێیەکەم دەڵێم کاک ئازاد تۆفیق "پیرۆز...." و پیروخەڕۆ بوون لە خزمەتى ئەم شارەى بۆ خوازیارم و حەزدەکەم ئەوە بڵێم چاوەرِوانى من وەک کەسێک کە جورئەتى قەڵەم بەدەستگرتنم بە خۆم داوە، ئەوەیە چیتر پەیامى گوڵ و شیرینى هێنان و هەندێک شتى باوى تر ناکەمە پیشە و لەمڕۆوە ئەوە لە مێشکمدا هەڵینجانى بۆ دەکەم، کە ئەم پارێزگارە چى بۆ خەمەکانى و خزمەتنەکراوانى ئەمشارە لە زۆر بواردا دەکات و ڕەخنە نووسینەکانم لە کارە باش و ئەدا هەلَەکانى، خودانەخواستە گەر هەیبیت، بە نووسینەکانم بۆی دەخەمەڕوو، کە هەمیشە ئەویشم وەک هاوپیشەیەکى نووسەر، پێش پۆستى بەپاریزگابوون، بینیوە.

حەزدەکەم نەریتى پیرۆزبایی منى خاوەن قەڵەم و هەموو کەسێکى ترى هاوشیَوە لە ئێمە باشتریش ئەوە بێت، زەڕەبینى کار و خزمەتەکان چیتر بکەنە پیشەى کارى خۆیان و چاوەڕوانییان لە خاوەن پۆستەکانیی ئەم شارە "خزمەت و خزمەت و خزمەت" بێت، شتیک کە زارى گلەیی خەڵکى شارەکە و چین وتوێژەکانى لەبارەیەوە هەمیشە بۆی بووە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure