حكومه‌تى هەرێم دوو خاڵی گومرگی لە نێوان هەولێر و سلێمانی لەگەڵ کەرکوک دادەنێت

هەواڵ / ئابوری :: 10/10/2018‌ :: 1040‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان ئاشكراى ده‌كات، کردنەوەی دوو خاڵی گومرگی لەنێوان هەولێر- کەرکوک و سلێمانی - کەرکوک تەواو نایاسایی و نادەستورییە و دانانی گومرگی زۆر لەسەر کەلوپەلی هەناردە و هاوردەی هەرێم بازاڕی هەرێمی شیواندووە، بۆیە حكومه‌تى هه‌رێم  بڕیاریدا ئه‌ویش دوو خاڵی گومرگیی دابنێن.

مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆكی یەكێتی هاوردەو هەناردەكارانی كوردستان، بە دواڕۆژی راگەیاند: دانانی دوو خاڵی گومرگی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە فه‌رمانی پارێزگاری کەرکوك لەسەر رێگەی نێوان كەركوك - هەولێر و سلێمانی، ئەوەش بەهەموو پێوەرێک كارێكی نایاسایی و نادەستورییە، هەموو ئەو رێکارانەی گیرانەتەبەر لەو گومرگانە نایاسایین".

رونیشکردەوە: دانانی ئەو دوو خاڵە گومرگییە بازاڕی هەرێمی کوردستانی شێواندووە و جۆرێک لە گرانی نرخی دروستکردوە، چونکە ئەوان پارە لە بازرگانان وەردەگرن و ئەوانیش نرخى كاڵاوشمه‌ك زیاد دەکەن و باری قورسیش بۆ هاوڵاتیانە.

مستەفا عەبدولڕەحمان ئەوەش دەخاتەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر هەوڵیدا ئەو دوو خاڵە گومرگییە دانەنرێن، بەڵام بێسوود بوو، بۆیە بڕیادرا کە هەرێمی کوردستانیش لەبەرامبەردا دوو خاڵی گومرگی تازە لە نێوان هەوڵیر و کەرکوک و سلێمانی و کەرکوک دابنێت و گومرگی سەرجەم ئەو کاڵا و کەلوپەلانە بکات، کە بۆ بەغدا و بەسره‌ و ناوچەکانی تری عێراق دەچن یان لەوێوە دێن بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەوەشی ئاشکراکرد، چالاکی بازرگانی لەهەرێمی کوردستان کز بووە و بازرگانانی هەرێم کەلوپەلەکانیان لە وڵاتانەوە بەرە و بەغدا دەهێنن و لەوێشه‌وه‌ بۆ هەرێمی کوردستان ده‌هێننه‌وه‌، لەبەر ئەوە یەکێک لە مەرجەکانی بەشداری کورد لە حکومەتی داهاتووی عێراق لابردنی ئەو خاڵە گومرگیانە ده‌بێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure