خاڵبەندی مامۆستایانی وانەبێژ بڵاوكرایەوە

هەواڵ / کوردستان :: 09/10/2018‌ :: 463‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سەیدسادق پێویستی بە زیاتر لە 300 مامۆستای وانەبێژ هەیە بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمی میلاكی مامۆستا، دواڕۆژیش ناوی ئەو مامۆستایانە بڵاودەكاتەوە كە وابڕیارە بە گوێرەی خاڵبەندی لە ناوەندەكانی خوێندنی سنورەكەدا دابمەزرێن، بۆ وتنەوەی هەر وانەیەكی قۆناغی بنەڕەتی بڕی 3 هەزار دینار و وانەی ناوەندی و ئامادەیش بڕی 4 هەزار دینار خەرجدەكرێت.

 

یاسین عەلی، سەرپەرشتیاری یەكەمی پەروەردەیی لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سەیدسادق بە دواڕۆژی راگەیاند: بەهۆی ئەوەی ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایانی میلاكی پەروەردەكەمان دەگوازرێنەوە بۆ سنوری پەروەردەكانی خۆیان لە هەدوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئەمە وایكردوە كە ساڵانە گرفتی كەمی میلاكی مامۆستامان بۆ دروست ببێت و هاوكات ژمارەی خوێندكارانی بنەڕەتیش زیاد بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ ئەمساڵ بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتی كەمی میلاك، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە فۆڕمێكمان بەدەست گەیشت بۆ ئەوەی بە شێوەی وانەبێژ مامۆستا دابمەزرێنین بە مەرجێك ئەو مامۆستایانەی فۆڕمەكە پڕدەكەنەوە دانیشتووی سنورەكە بن و پسپۆڕییەكانیشیان پێویستمان بێت.

ئەو سەرپەرشتیارە ئاماژەی بەوەشكرد: تائێستا زیاد لە 300 دەرچووی زانكۆ و پەیمانگە فۆڕمەكەیان پڕكردوەتەوە و ئێمە بە گوێرەی پسپۆڕی و بڕوانامە و ساڵانی دەرچوونیان خاڵبەندیمان بۆ ڕێكخستوون و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەستبەكاردەبن، بۆ وتنەوەی هەر وانەیەكی قۆناغی بنەڕەتی، بڕی 3 هەزار دینار و وانەی ناوەندی و ئامادەیش بڕی 4 هەزار دینار خەرجدەكرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure